سەرۆكی جڤاتی روحانیی ئێزیدییەكان داوای ھاوكاریی دەكات

بابە شێخ، سەرۆكی جڤاتی روحانی ئێزیدییان داوای رزگارکردنی كچ و ژنانی ئێزیدیی و ئاوەدانكردنەوەی شارۆچکەی شنگال دەكات.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كوردستان24) بابە شێخ گوتی: "داوا دەكەین كار بكرێت بۆ ئازادكردنی ژن و كچانی ئێزیدییان كە لە ژێر دەستی داعشدان و بگەڕێنرێنەوە شنگال، ھەروەھا داوا دەكەین پەلە بكرێت لە ئاوەدانكردنەوەی شنگال".

ئەو گوتانەی بابە شێخ لە كاتی سەردانی شاندێكی جڤاتی روحانیانیی ئێزیدییان هات بۆ شنگال و مەزارگەی شەرفەدین، ئەم سەردانەش یەکەم سەردانی هاوشێوەیە دوای رزگارکردنی شنگال لە بندەستی داعش.

لە 13ی مانگی رابردوو لە ئۆپەراسیۆنێكدا هێزی پێشمەرگە شنگالی لە بندەستی چەکدارانی داعش رزگار کرد و ئێستا ھەوڵ بۆ ئاوەدانكردنەوەی شارۆچكەكە دەدرێت.