حزبی زەحمەتكێشان: نەك ھەرگوێمان لێنەگیراوە بگرە پەراوێزیش خراوین

K24- ھەولێر

سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان و پێك نەھاتنی لایەن سیاسییەكان رایگەیاند نەك ھەر گوێیان لێ نەگرتووین بەڵكوو پەراوێزیانیش خستووین.

لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە یادی دامەزراندنی حزبەكەیان رێكخرابوو بەڵێن عەبدوڵڵا، سكرتێری حزبی زەحمەتكێشانی كوردستان لە بارەی كۆبوونەوە پێنج قۆڵییەكان و پێك نەھاتنی لایەن سیاسییەكان نیگەرانی خۆی دەربڕی و رایگەیاند: "خۆم نامەم بۆ دوایین كۆبوونەوەی پێنج قۆڵیی نارد كە لە سلێمانی بەڕێوەچوو، نامەكەش لە كۆبوونەوەكە خوێنرایەوە، بەڵام نەك ھەر گوێیان لێ نەگرتووین بەڵكوو پەراوێزیانیش خستووین".

سكرتێری زەحمەتكێشان لەبارەی ململانێی لایەنە سیاسییەكان گوتیشی: "دەبێ بە رێگەی گفتوگۆ و پەرەنسیپ كێشەكانی ھەرێمی كوردستان چارە بكرێن، ئەو كێشانە لە چوارچێوەی دیالۆگێكی راستەقینە چارەسەر بكرێن، نەك بە یەكتر شكاندن و بێ ئیرادەكردنی یەكتر، ئەگەر ئەو دوو شتە لە لایەن حزبە سیاسییەكان وەلا بنێرێت دەتوانین بگەینە رێگە چارەیەكی زۆر گونجاو لە خزمەت ئایندەی ھەرێمی كوردستاندا بێت".

ئەمڕۆ یادی 30 ساڵەی دامەزراندنی حزبی زەحمەتكێشانی كوردستانە، بەو بوونەیەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیی بۆ سكرتێری ئەو حزبە رێكخرا، ئەویش لە گوتەكانی نیگەرانیی خۆی لە بارەی بارودۆخی ھەرێمی كوردستان خستەڕوو.