كه‌ركووك... له‌هه‌فته‌یه‌كدا سێ هاوڵاتیى رفێندراون

K24- كەركووك

سۆران كامەران

عەقید رەزوان شوكر، بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لە شاری كەركووك رایگەیاند لە ماوەی ھەفتەیەكدا سێ ھاوڵاتیی لە كەركووك رفێندراون.

عه‌قید ره‌زوان شوكر لە لێدوانێكی تایبەتدا بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "له‌ماوه‌ى هه‌فته‌ى رابردوودا سێ هاوڵاتیى له‌ شاره‌كه‌دا رفێندراون و یه‌كێك له‌و هاوڵاتیانه‌ش له ‌لایه‌ن هێزه‌كانمانه‌وه‌ رزگاركراوە".

بەڕێوەبەری پۆلیسی نەھێشتنی تاوان لە شاری كەركووك رونیشكردەوە کە: ئه‌و كه‌سه‌ى رزگاركراوە منداڵه‌ و كوڕی ‌بازرگانێکی كه‌ركووكە و چەکدارەکان بەو مەبەستە رفاندبویان بۆ ئەوەی پارە لە کەسوکاری وەبگرن.

عه‌قید رەزوان ئاماژەشی کرد کە: شه‌وى رابردوو له‌ شه‌قامى قودس لای پێشانگاکانى فرۆشتنی ئۆتۆمبێل، دوای ئه‌وه‌ى ھەستیان كردووە ھاوڵاتییەك پارەی پێبووە ئەو چەكدارانە بە دوایدا چوونە و پاش ئازاردانێكی زۆر و شكاندنی دەستی پارەكەیان لێ سەندووە و لە سەرشەقام فڕێیاندابوو.

ھەرچەندە ئامارە فەرمییەكان ئاشکرایان کردووە کە تەنھا سێ كەس لە هەفتەی رابردوو لە کەرکووک رفێندراون، بەڵام بەپێی ئامارێك كە لە سەرچاوەیەكی دەزگا ئەمنییەكانی كەركووك دراوە بە (كوردستان24) راگەیەندراوە: لە ماوەی ھەفتەی رابردوو شەش ھاوڵاتیی كورد و عەرەب لە کەرکەووک رفێندراون.