لە ئێران سزای بەردبارانكردن بەسەر ژنێك دەسەپێندرێ

ژنێك لە لایەن دادگای شاری سیاكەلی پاريزگای گیلانی ئێرانەوە سزای بەردبارانكردن بۆ دەرکرا

K24

 

عەباس پارسامەنش، سەرۆكی دادگای شاری سیاكەلی پاريزگای گیلانی ئێران بە میدیاكانی نێوخۆی وڵاتەکەی راگەیاند ژنێك بە تاوانی ئەنجامدانی داوێنپیسیی لە لایەن دادگاوە سزای بەردبارانكردنی بۆ دەرکرا.

عەباس پارسامەنش راشیگەیاند: ژنێك بە تاوانی ئەنجامدانی داوێنپیسیی لە لایەن دادگای شاری سیاكەلی پاريزگای گیلانی ئێرانەوە سزای بەردبارانكردن بۆ دەرکرا، هاوکات ئەو ژنە بەهۆی تاوانی بەشداریکردنی لە كوشتنی ھاوسەرەكەی بە ناوی (ئارەش بابایی پور) سزای 25 ساڵ بەندكرکردنی بۆ دەرکراوە.

پارسامەنش گوتیشی: "ھەر لەو پەیوەندییەدا پێاویك بە ناوی (ر- ئە) كە بكوژی سەرەكیی ئارەش بابایی پور بووە سزای قەساس و لەسێدارەدرانی بۆ دەرکرا".

بە گوتەی بەرپرسە ئێرانییەکە لە ئەگەری جێبەجێ نەکردنی سزای بەردبارانكرکردن بەسەر ئەو ژنەدا، ئەوا بە پێشنیازی دادگا و بە رەزامەندیی سەرۆكی دەزگای دەسەڵاتی دادوەریی ئێران حوكمی لەسێدارادانی بەسەردا جێبەجێ دەكرێ.

بەپێی میدیا نێوخۆییەكانی ئێران، ساڵێك بەر لە ئێستا ئارەش بابایی پور لە ژووری نووستنی خۆی بە بەشداریی ھاوسەرەكەی و هاوکاریی پیاوێکی دیکە بە چەقۆ كوژراوە.

دەركرکردنی سزای بەردبارانکردن بۆ ئەو ژنە لە كاتێكدایە بەهۆی دەرکردنی سزای ھاوشێوەی بۆ سەكینە محەممەدیی ئاشتیانیی لە ساڵی رابردوودا لە لایەن دادگایەکی ئێرانەوە، پرسەکە لە ئاستی جیھاندا ھارایەكی زۆری نایەوە.