بەرەی یەكگرتووی كورد بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكانی ئێران دەكات

سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد لە ئێران راگەیاند کە خۆیان بۆ بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكانی پەرڵەمانی ئێران ئامادە كردووە بە ھیوای بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورەن

K24

سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد لە ئێران راگەیاند کە خۆیان بۆ بەشداریی لە ھەڵبژاردنەكانی پەرڵەمانی ئێران ئامادە كردووە بە ھیوای بەدەستهێنانی دەستكەوتی گەورەن.

دكتۆر رەئووف كەریمیی، سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد لە رۆژھەڵاتی كوردستان بە (کوردستان24)ی گوت: "ھەرچەندە 10 ساڵە ئەو بەرەیە دامەزراوە، بەڵام تا ئێستا مۆڵەتی فەرمیی پینەدراوە، ھۆكارەكەشی وەڵامنەدانەوەی وەزارەتی ناوخۆی ئێرانە".

لەبارەی بەشداریان لە ھەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی ئێران سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد ئاماژە دەکات کە: كارەكانیان لە چوارچێوەی یاساكانی ئێران دایە و ئەگەرچی وەزارەتی ناوخۆ وەڵامی بە ئەرێنی نەداوینەتەوە، بەڵام رێگەشی لە كاركردنمان نەگرتووە".

كەریمیی سەبارەت بە بەشداریان لە ھەڵبژاردنەكانی ئەنجوومەنی شارەزایانی ئێران دەڵێ: ئێستا بەشداریی لە ھەڵبژادنەكانی پەرلەمان بە پێویستتر دەزانین، چونكە بەو شێوەیە جگە لەوەی دەتوانین لە دانان و پەسندكردنی یاساكان بەشدار بین، باشتریش دەتوانین چاودێریی كارەكانی حكوومەت بكەین".

سكرتێری بەرەی یەكگرتووی كورد لەبارەی ئەگەری دەرنەچوونی كاندیداكانیان لە فلتەری ئەنجوومەنی شارەزایان گوتی: ئەو كێشەیە تەنیا تایبەت نییە بەوان، بەڵكوو "لایەنەكانی وەك رێفۆرمخوازەكانیش ئەو كێشەیەیان ھەیە، بۆیە ئەگەر ئەوە رووبدات، ئێمەش ھەڵوێستی خۆمان دەبێ".