ئازاد تۆفیق: ھەر ھێزێك لەگەڵ دەوڵەتی كوردیی نەبێت ئابڕۆی دەچێت

سەردانەكەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان گرنگیی خۆی ھەیە

K24- ھەولێر

ئازاد تۆفیق، ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند ھەر ھێزێك لەگەڵ دەوڵەتی كوردیی نەبێت ئابڕۆی دەچێت.

ئازاد تۆفیق لە میانی بەشداریكردنی لە بەرنامەی باسی رۆژی (كوردستان24) گوتیشی: "ھەموومان رازین لەسەر پرسی كورد و ناسنامەی كوردیی و مافی چارەی خۆنووسین و دروستبوونی دەوڵەتی كوردیی، ھیچ ھێزێكی سیاسیی ناوێرێ پشتیوانیی نەكات، ھەر ھێزێكی سیاسیی پشتیوانیی لە دروستبوونی دەوڵەتی كەردیی نەكات ئابڕۆی دەچێت".

ئازاد تۆفیق گوتیشی: "كێشە لە میكانیزمی كاركردنی ھێزە سیاسییەكان ھەیە بۆ دروستبوونی دەوڵەتی كوردیی. كورد پێویستی بە یەك گوتاریی ھەیە و دەبێ ھێزە سیاسییەكان شەفافتربن لەگەڵ یەك دی".

لە بارەی گرنگیی سەردانەکەی سەرۆكی ھەرێمی كوردستان بۆ توركیا ئەندامی مەكتەبی راگەیاندنی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان ئاماژەی کرد کە: "ئەو سەردانەی بەڕێز كاك مەسعوود پێگە و گرنگیی خۆی ھەیە، پێویستە رێز لەو سەردانە بگیرێت و دانانی ئاڵا لە عورفی دیبلۆماسیدا داننانی نێودەوڵەتییە بە كورد. مرۆڤ دەبێ سوپاسی خوا بكات لامان لێكراوەتەوە".

ئازاد تۆفیق دەشڵێ: "سەردانەكەی سەرۆكی ھەرێم و دانانی ئاڵای كوردستان لە كۆبوونەوەكەدا بەرز دەنخرێنم، بەڵام ھەموو شتێك بە كۆتاییەكەی دەپێورێت لە كۆتاییەكەی لەو یارییەدا چیمان بەردەكەوێت، ئەمە چۆن بە دەست دێنین؟ دەبێ ھەموومان یەك گوتاربین".