ھەرێم گرێبەستى گاز لەگەڵ ئێران واژوو دەکات

رێواس فایەق، ئەندامێكی ليژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای کرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەكاریی دەكات گرێبەستێک لەبارەی گازەوە لەگەڵ ئێران واژوو بکات.

K24 – هه‌ولێر:

رێواس فایەق، ئەندامێكی ليژنەی سامانە سروشتییەكان لە پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای کرد، حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەكاریی دەكات گرێبەستێک لەبارەی گازەوە لەگەڵ ئێران واژوو بکات.

رێواس فایەق بە (كوردستان24)ی رايگەیاند: "حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ئامادەكاریی دەكات بۆ ئەوەی ھاوشێوەی توركیا مامەڵە لەگەڵ ئێران بكات و گرێبەستی گازیی لەگەڵدا بكات، ئەمەش گرنگە چونكە نابێت حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەموو ھێلكەكان بخاتە سەبەتەی یەك وڵات، بەڵكوو دەبێت لە چەند رێگەیەکەوە نەوت و گاز ھەناردە بكات".

هاوکات غالیب محەممەد، سەرۆكی ليژنەی سامانە سروشتییەكان لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە (كوردستان24)ی گوت: "دەتوانین بڵێین كوردستان خاوەنی 4% یەدەکی گازە لە جیهان كە زۆربەی دەكەوێتە گەرمیان و سلێمانییە و بەشێكیشی كەوتووتە سنووری پارێزگای ھەولێرەوە".

ھەندێك لە شارەزایانی بواری نەوت و گاز پێیانوایە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان لە رووی یاساییە ھیچ كێشەیەكی لە گرێبەست و فرۆشتنی گاز نابێت، بەڵام ترس لەوە ھەیە ئاستەنگی سیاسیی بۆ دروست بكرێت.