عەممار حەكیم: گەشبینین بە ئەنجامی كۆبوونەوەی سەرکردەکان

"ھاتنی ھێزەكەی توركیا زۆرترین گفتوگۆی لەسەر کراوە"
kurdistan24.net

K24 – به‌غدا:

عەممارحەكیم، سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیی عێراق رایگەیاند، گەشبینین بە ئەنجامی كۆبوونەوەكەی سەرۆکایەتییەکان و لایەنە سیاسییەكانی عێراق لە بەغدا.

لە لێدوانێكی تایبەتدا بە كوردستان 24 لە بارەی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق كە لە بەغدا بەڕێوەچوو، عەممار حەكیم گوتی: "پێمانوایە كۆبوونەوەیەكی لەم شێوەیە زۆر گرنگە كاتێك ھەر سێ سەرۆكایەتی لەگەڵ سەركردە سیاسییەكانی وڵات کۆدەبنەوە و بابەتی ھاتنی ھێزەكەی توركیا زۆرترین گفتوگۆی لەسەر دەكرێت".

كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكانی عێراق درەنگانی دوێنێ لە کۆشکی سەرۆکایەتی کۆماری عێراق لە بەغدا بە بەشداریی فوئاد مەعسوم، سەرۆک کۆمار و حەیدەر عەبادیی، سەرۆک وەزیرانی عێراق و مەلا بەختیار، بەرپرسی دەستەی كارگێریی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و چەند سەرۆک فراکسیۆنێکی نێو پەرلەمانی عێراق بەڕێوەچوو.