مامۆستایەكی كورد پلەی یەكەمی تۆيژینەوەی زانستیی مامۆستایانی ئێرانی بەدەستھێنا

لە 18مین كێبەركێی توێژینەوەی زانستی مامۆستایانی ئێران مامۆستایەكی كورد، پلەی یەكەمی بەدەستھێنا

K24

وریا نەورۆزیی، مامۆستا لە ناوچەی زێوێی شاری سەقز پلەی یەكەمی توێژینەوەی زانستیی مامۆستایانی لەسەر ئاستی ئێران بەدەستھێنا.

خالید عەلیپوور، سەرۆكی ناوەندی پەروەردە و فێركردن لە ناوچەی زێوێی سەقزی پاریزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند: لە ھەژدەیەمین كێبەركێی توێژینەوەی زانستی مامۆستایانی ئێران بۆ ساڵی خوێندنی 2014-2015 كە 442 مامۆستا بەشداریان تێدا كرد، توێژینەوەی مامۆستای كورد وریا نەورۆزیی، پلەی یەكەمی بەدەستھێنا.

خالید عەلیپوور دەشڵێ: لەو ژمارەیە بەرھەمی 19 كەسیان بۆ كێبەركێ لەسەر ئاستی پارێزگاكان و بەرھەمی 11 كەسیشیان بۆ كێبەركێ لەسەر ئاستی ئێران ھەڵبژێردووە كە تێیدا توێژینەوەی وریا نەورۆزیی بە ناونیشانی (چۆن توانیم بە رێگای پەیوەندیی گشتییەوە ئاستی قوتابیانی پۆلی شەشی سەرەتایی بەرز كەمەوە) پلەی یەكەمی بەدەستھێنا.

سەرۆكی ناوەندی پەروەردە و فێركردنی ناوچەی زێوێ سەقزی پاریزگای سنە ئاماژەش دەکات کە: لەو توێژینەوەیەدا نوێترین سەرچاوە و رێكاری زانستیی بەكار ھاتووە.