كه‌ركووك.. به‌رپرسێك و سێ فه‌رمانبه‌رى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوور کوژران
K24- كەركووك/ سۆران كامه‌ران
سەرچاوەیەکی ئەمنیی پارێزگای کەرکووک رایگەیاند ئەمڕۆ چەند چەکدارێکی نەناسراو تەقەیان لە بەرپرسێک و چه‌ند فه‌رمانبه‌رێكى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوور کرد لە کەرکووک و تیرۆریانیان کرد.
سه‌رچاوه ئەمنییەکە کە نەویست ناوی ئاشکرا بکرێ به (كوردستان 24)ى راگه‌یاند: "بەیانی ئه‌مڕۆ چه‌ند چه‌كدارێكى نه‌ناسراو ته‌قەیان له حه‌سه‌ن سه‌لیم، جێگرى به‌ڕێوەبه‌رى پشكێنه‌رى كۆمپانیاى نه‌وتى باكوور و شۆفێره‌كه‌ى کرد لە گەڕەکی وەحدەی کەرکووک و لە ئەنجامدا گیانیان له‌ده‌ستدا".
سه‌رچاوه ئەمنییەکە گوتیشی کە: "ئه‌و چه‌كدارانه هاوکات ته‌قه‌یان لە دوو كارمه‌ندى دیكەی كۆمپانیای نەوتی باکوور کرد بە ناوەکانی عه‌لى ئیحسان و عه‌لا خه‌ڵه‌ف كه هه‌ردووكیان ئه‌ندازی کۆمپانیاکەن و هەردووکیانیان کوشت".
به گوته‌ى سه‌رچاوه ئه‌منییه‌كه ته‌قه‌كه‌ره‌كان ئۆتۆمبێلێكى جۆرى (BMW) یان پێ بووە و دوای هێرشکردنە سەر کارمەندەکانی کۆمپانیای نەوتی باکوور به‌ره‌و شوێنێكى نادیار هەڵاتوون.