پارتیی و یەكێتیی: كۆبوونەوەكان دوور لە چاوی كامێرا بەڕێوەدەچن

گۆڕان: پارتیی زەمینەی كۆبوونەوەكانی لە باربردووە

K24- ھەولێر

لە بارەی وەستاندنی كۆبوونەوەی لایەنە سیاسییەكان بۆ چارەكردنی كێشە نێوخۆییەكانیان، گوتەبێژی پارتیی و ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی دەڵێن كۆبوونەوەكان دوور لە چاوی كامێرا بەڕێوەدەچن.

جەعفەر ئیمینكی، گوتەبێژی پارتی دیموكراتی كوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "ھەوڵەكان بەردەوامن بۆ چارەسەرکردنی كێشە نێوخۆییەكان، بەڵام تاكتیكی كۆبوونەوەكان گۆڕاوە، ئێستا ھەوڵ و كۆبوونەوەكان دوور لە چاوی كامێرا و راگەیاندنەكان دەكرێن، چونكە تاكتیكی پێشتر كە زۆرتر لە راگەیاندنەكان دەگوازرایەوە سەركەوتوو نەبوو".

جەعفەر ئیمینكی گوتیشی: "لە ھەوڵەكانی ئێستا زیاتر كۆبوونەوەكان بە دوو قۆڵی ئەنجامدەدرێن و كەمتر زانیاریی دەدرێت بە رۆژنامەنووسان، رەنگە تا رادەیەك رەشبینیی دروستكردبێت لای خەڵكی كوردستان، بەڵام ئێمە گەشبینین كە كۆبوونەوەكان ئەنجامی باشیان دەبێت، باوەڕم وایە تا مانگی سێی ساڵی 2016 كێشە نێخۆییەكان چارەسەردەكرێن".

گوتەبێژی پارتیی ئاماژەش دەکات کە: "كوبوونەوە بۆ چارەسەركردنی كێشە نێوخۆییەكان پەراوێز نەخراون، بەڵام ئێستا ھەموو لایەك سەرقاڵی كێشە و ململانێی ناوچەكەن كە مەترسیی و نیگەرانیان لای ھەمووان دروستكردووە".

هاوکات سەعدیی ئەحمەد پیرە، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان بە (كوردستان24)ی گوت: "كۆبوونەوەكان بەردەوامن و لە ھەوڵداین بۆ دانانی بەرنامەیەكی ھاوبەش بۆ بە كرداركردنی ئەو رێكەوتنەکانی نێوانمان".

لە بارەی بێ ئومێدیی ھاوڵاتیان لە كۆبوونەوە و پەیوەندیی نێوان لایەنە سیاسییەكانی باشووری كوردستان سەعدی پیرە ھاوڕابوو لەگەڵ گوتەبێژی پارتیی و گوتی: "دەمانەوێت دوور لە چاوی كامێرای رۆژنامەنووسان كۆبوونەوە بكەین حەقی خۆشمانە، چونكە ھەندێك لە رۆژنامەنووسان ھەواڵ و لێكدانەوەی بێ بنەما لە بارەی كۆبوونەوەكان و پەیوەندی نێوان لایەنە سیاسییەكان بڵاودەكەنەوە".

لای خۆیەوە شۆڕش حاجیی، گوتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "لە دوایین كۆبوونەوەماندا لەگەڵ شاندی یەكێتیی پێشنیازەكانمان داوەتە ئەوان، بەڵام ھیچ وەڵامێكمان پێ نەگەیشتووتەوە".

گوتەبێژی گۆڕان دەشڵێ: "ئێمە پێشتریش رامانگەیاندووە کە دەرگای گفتوگۆمان دانەخستووە و دیالۆگ رەتناكەینەوە، بەڵام پارتیی زەمینەی كۆبوونەوەكانی لە باربردووە و دەبێ ئەو زەمینە سازبكرێتەوە، دواتر دەست بە كۆبوونەوەكان بكرێتەوە".