ئارێز عەبدوڵڵا: يه‌كێتى بۆ دوو مه‌به‌ست سه‌ردانى به‌غداى كرد

"لەگەڵ عەبادی باسی پەیوەندییەكانی ھەولێر و بەغدامان كردووە"

K24 – ھەولێر:

ئارێزعەبدوڵڵا، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رايگه‌ياند، سەردانی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا دوو مەبەستی ھەبوو.

لە بارەی سەردانی شاندێكی مەكتەبی سیاسی یەكێتی بۆ بەغدا ئارێزعەبدوڵڵا، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ كوردستان24 گوتی: "سەردانی شاندی یەكێتی بۆ بەغدا دوو مەبەستی ھەبوو، یەكەمیان بەشداریكردنی كاك مەلا بەختیاربوو لە كۆبوونەوەی سەركردەی لایەنە سیاسیەكان لەگەڵ ھەر سێ سەرۆكایەتی عێراق، مەبەستی دووەمیش كۆبوونەوە و گفتوگۆكردن بوو لەگەڵ چەندین لایەنی سیاسی".

گوتیشی: "لەو كۆبوونەوانەماندا لەگەڵ سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراق باسمان لە پەیوەندییەكانی نێوان ھەولێر و بەغدا كردووە، داواشمان لە حەیدەر عەبادی و سەركردەكانی دیكەی بەغدا كرد كە ھەوڵبدەن بۆ ئاسایكردنەوەی پەیوەندییەكان و ناردنی بودجە و مووچەی پێشمەرگە".

لە وەڵامی ئەو پرسیارەی نە دەكرا شاندێكی ھاوبەش لە حزبە كوردستانیيەكان بۆ ئەو مەبەستە بچێتە لە بەغدا نەك شاندی یەك حزب؟ ئەو ئەندامەی سەركردایەتی یەكێتی دەڵێت: "پێمان وایە ئەو سەردانە وێستگەیەك دەبێت بۆ ئەوەی پەیوەندییەكان ئاسایی بكرێنەوە و لە داھاتوودا شاندی ھاوبەشی لایەنە سیاسییەكان سەردانی بەغدا بكات".