ئه‌نبار.. 20 سه‌ربازی عێراق كوژران و برینداربوون
K24 - به‌غدا:
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی عێراق رایگه‌یاند، له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراون، 20 سه‌ربازی عێراق له پارێزگاكه كوژران و برینداربوون.
ئه‌و سه‌رچاوه‌یه كه یه‌كێكه له فه‌رمانده مه‌یدانییه‌كانی پارێزگای ئه‌نبار، روونیشكرده‌وه، له ئاكامی پێنج هێرشی خۆكوژی به به‌كارهێنانی ئۆتۆمبێلی بۆمبڕێژكراو كه كاروانه سه‌ربازییه‌كانی سوپای عێراقییان كرده ئامانج، 20 سه‌رباز كوژران و برینداربوون.
سه‌رچاوه‌كه راشیگه‌یاند، به‌هۆی هێرشه‌كانی سوپای عێراق بۆ سه‌ر مۆڵگه‌كانی داعش له‌و پارێزگایه، 15 چه‌كدارییان كوژراوه و ناچار به پاشه‌كشه كراون، هاوكات له لایه‌ن فڕۆكه جه‌نگییه‌كانی هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تیش، پاڵپشتی ئاسمانییان بۆ دابینكراوه.
هێرشه خۆكوژییه‌كه، گردبوونه‌وه‌ی سوپای عێراق و چه‌كدارانی هۆزه عه‌ره‌به‌كانی ناوچه‌كه‌یان له باشووری رۆژئاوای رومادی سه‌نته‌ری پارێزگای ئه‌نبار، كردووه‌ته‌وه ئامانج.
كاروانه سه‌ربازییه جێگیره‌كان له ناوچه تازه ئازادكراوه‌كانی شاره‌كه، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی داعشه‌وه رووبه‌ڕووی بۆردومانكردن به هاوه‌ن و كاتیۆشا ده‌بنه‌وه.
چه‌كدارانی رێكخراوی داعش، دوای كۆنتڕۆڵكردنی پارێزگای موسڵ له حوزه‌یرانی 2014، ده‌ستییان به‌سه‌ر پارێزگای ئه‌نباردا گرت و سوپای عێراقیان له پارێزگاكه وه‌ده‌رنا.