پنتاگۆن تاوتوێی شه‌ڕی داعش ده‌كات

باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا سەرۆكایەتی دەکات

K24 - واشنتۆن:

رۆژی دووشەممە (14.12.2015) کۆبوونەوەیەک لە وەزارەتی بەرگری ئەمریکا (پێنتاگۆن) سەبارەت بە هەڵمەتی نێودەوڵەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش بەڕێوەدەچێت و باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا سەرۆكایەتی دەکات.

لەو کۆبوونەوەیەدا ئەمریکا بە رێوشوێنەکانی خۆیدا دەچێتەوە له‌ شەڕی دژى داعش. چاوەڕوانیش دەکرێت تێیدا جەخت لەسەر توندکردنەوەی هێرشەکانی ئەمریکا دژی سه‌رکردە و سەرچاوە داراییەکانی ئەو رێکخراوە لە عێراق و سووریا بکرێتەوە.

لەو بارەیەوە باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند کە بە نیازە لەگەڵ پێنتاگۆندا چاوخشاندنەوە بکات بۆ هەڵمەتی سەربازیی دژی رێکخراوی داعش.

ئۆباما لە گوتاری هەفتانەیدا گوتیشی، رۆژی دووشەممە دەچێتە پێنتاگۆن و لەوێ چاوخشاندنەوە بۆ هەڵمەتی سەربازیی دژی داعش دەکات و لەوەش دەکۆڵێتەوە کە چۆن هەوڵەکان لەو پێناوەدا چڕبکرێنەوە.

ئۆباما جەختیکردەوە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا دژی چەکدارانی داعش لە عێراق و سووریا چڕدەکرێنەوە و سەرکردە و چەک و سەرچاوەی نەوتی داعش دەکەنە ئامانج.

پێشتریش ئۆباما ئاشکرای کردبوو کە سەردانی سەنتەری نیشتمانی نەهێشتنی تیرۆر دەکات و چاوخشاندنەوە بۆ کاری ئاژانسە حکومییەکان دەکات بەشێوەیەک کە رێگری تەواو بکەن لە هەر هێرشێک لە ئەمریکا.

هەر لە چوارچێوی ئەم هەڵمەتەدا، ئەمریکا داواشی لە هاوپەیمانەکانی کردووە کە هاوکارییە سەربازییەکانیان بۆ هەڵمەتی نێودەوڵەتی دژی داعش فراوانتر بکەن.

ەپێچەوانەی هەموو کۆبوونەوەکانی پێشوو، ئۆباما سەردانی فەرماندە سەربازییەکانی دەکات و کۆبوونەوەکە لە بارەگای پێنتاگۆن دەبێت، ئەوەش دووەم سەردانی ئۆبامایە بۆ پێنتاگۆن لەماوەی ئەمساڵدا.

ئاشتن کارتەر، وەزیری بەرگری ئەمریکا رایگەیاند، ئۆباما گوێ لە تەواوی فەرماندە سەربازییەکان لە عێراق و سووریا دەگرێت.

گوتیشی "سەرۆک ئۆباما لێرە تەنها گوێ لە ئێمە ناگرێت وەکو بەرپرسانی باڵا، بەڵکو گوێ لە فەرماندە مەیدانییەکانیش دەگرێت و رەهەندی سەربازی ئۆپەراسیۆنی دژ بە داعش تاوتوێ دەکات و دواتر لەگەڵ تیمی ئاسایشی نەتەوەیی کۆدەبێتەوە".

بە گوێرەی میدیا ئەڵمانییەکان، ئاشتون کارتەر وەزیری بەرگریی ئەمریکا لە نامەیەکدا کە ئاراستەی ئەڵمانیای کردووە، داوای کردووە هاوکاری سەربازیی زیاتر بۆ شەڕی دژ بە رێکخراوی داعش پێشکەش بکات.

ئێستا ئەڵمانیا بە شەش فرۆکەی چاودێری جۆری تۆڕنادۆ، کەشتییەکی سەربازی بۆ پاراستنی کەشتی فرۆکەهەڵگری شارل دیگۆلی فەرەنسی، چەند فڕۆکەیەکی تایبەت بە سووتەمەنی و هەزار و 200 سەرباز لە هەڵمەتی نێودەوڵەتی شەڕی دژ بە داعش بەشدارە.

گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی ئەڵمانیا پشتڕاستی کردەوە کە نامەکەی بەدەست گەیشتووە، بەڵام هیچ زانیارییەکی دیکەی لەبارەی ناوەڕۆکەکەی بڵاونەکردەوە.

هەفتەی رابردوو ئۆرسۆلا ڤۆن دیر لێین، وەزیری بەرگریی ئەڵمانیا رایگەیاندبوو دەبێ هێزە چەکدارەکانی ئەڵمانیا بە شێوەیەک پێشبخرێن کە لە داهاتوودا رۆڵی گەورەتریان پێبدرێت.