یەكێتیی: پارتیی نەرمیی نواندووە و گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەكان دەكات

كۆمەڵ: پێشوازیمان لە ھەوڵەكانی یەكێتیی كردووە
kurdistan24.net

K24-ھەولێر

لەتیف شێخ عومەر، ئەندامی سەركردایەتی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رایگەیاند بۆ گفتوگۆی لایەنە سیاسییەکان پارتی دیموكراتی كوردستان نەرمیی نواندووە لە بەرامبەر پڕۆژە نوێیەكەی یەكێتیی.

بۆ گفتوگۆكردن لەسەر رێكکەوتنی لایەنە سیاسییەكان، شاندی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و كۆمەڵی ئیسلامیی لە شاری سلێمانیی كۆبوونەوە و لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا مەبەستی كۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.

لەتیف شێخ عومەر لە کۆنگرەکە رایگەیاند: "پارتی دیموكراتی كوردستان نەرمیی نواندووە لە بەرامبەر پڕۆژە نوێیەكەی یەكێتیی و گفتوگۆ لەسەر پێشنیازەكان دەكەن و بزوتنەوەی گۆڕانیش تا ئێستا بە فەرمیی پێیان نەگوتوین رازیی نین بە پێشنیازەكان".

لەتیف شێخ عومەر گوتیشی: "دەبێ ھەموومان بەشوێن دەروازە بگەڕین نەك چاوەڕێی قەدەر بكەین، بۆ ئەوەی بە گفتوگۆ كێشەكانمان چارەسەر بكەین".

هاوکات رێبوار محەممەد، گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیی ئاماژەی کرد: "وەك كۆمەڵی ئیسلامیی پێشوازیی لە ھەوڵەكانی یەكێتیی دەكەین بۆ دەستپێكردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسییەكان".

گوتەبێژی كۆمەڵی ئیسلامیی گوتیشی: "كۆمەڵی ئیسلامیی و لایەنەكانی دیكە كە حكوومەتی ھەرێمی كوردستانمان پێکهێناوە ھەموومان بەرپرسین لەو دۆخە و دەبێ گفتوگۆ بكەین بۆ چارەسەركردنی".