عێراق سووره‌ له‌سه‌ر كشانه‌وه‌ى هێزه‌كانى توركيا

حكومه‌تى عێراق جارێكيديكه‌ داواى له‌ توركيا كرد، هێزه‌كانى له‌ عێراق بكێشێته‌وه‌ و رايگه‌ياند، به‌ كشانه‌وه‌ى به‌شه‌كيى هێزه‌كانى له‌ عێراق رازى نابێت.

K24 – به‌غدا:

حكومه‌تى عێراق جارێكيديكه‌ داواى له‌ توركيا كرد، هێزه‌كانى له‌ عێراق بكێشێته‌وه‌ و رايگه‌ياند، به‌ كشانه‌وه‌ى به‌شه‌كيى هێزه‌كانى له‌ عێراق رازى نابێت.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، نووسينگه‌ى سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى، رايگه‌ياندووه‌، ئه‌مڕۆ جارێكيديكه‌ ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران پرسى هاتنى هێزى توركياى تاوتوێكرده‌وه‌ و دووباره‌ جه‌ختى له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووى كرده‌وه‌، كه‌ پێويسته‌ توركيا سه‌رجه‌م هێزه‌كانى له‌ ناو خاكى عێراق بكێشێته‌وه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌: پێويسته‌ توركياى دراوسێ رێز له‌سه‌روه‌رى عێراق بگرێت و به‌ده‌م بانگه‌وازى به‌غداوه‌ بچێت بۆ ئه‌وه‌ى ناوچه‌كه‌ له‌ مه‌ترسى گه‌وره‌تر بپارێزێت.

توركيا رايگه‌ياندووه‌، به‌شێكى هێزه‌كانى پاشه‌كشێ پێكردووه‌، به‌ڵام ره‌تيكردووه‌ته‌وه‌ هه‌موو ئه‌و راهێنه‌رانه‌ بگوازێته‌وه‌ كه‌ به‌ مه‌به‌ستى مه‌شقپێكردنى هێزه‌ ئه‌منييه‌كان هاتوونه‌ته‌ ناو خاكى عێراق.

هاتنى هێزێكى ئه‌منيى توركيا بۆ ناو عێراق، حكومه‌تى به‌غداى رووبه‌ڕووى قه‌يران كردووه‌ته‌وه‌ و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ هه‌ينى رابردوو، به‌غدا بڕياريدا له‌ ئه‌نجوومه‌نى ئاسايشى نێوده‌وڵه‌تييدا سكاڵايه‌ك له‌ دژى توركيا تۆمار بكات.