مێشكی له لووتیدایه
K24 - هه‌ولێر:
"ئۆلی ترایزایس" كه مێشكی له لووتیدایه، دوو ساڵ پێش ئێستا له وێڵزی به‌ریتانیا، له دایكبوو، به‌هۆی بۆشاییه‌ك له كه‌للـه‌سه‌ریدا، وایكردووه به‌شێك له مێشكی له‌ناو لووتیدا گه‌شه بكات و به و هۆیه‌وه‌ش له‌گه‌ڵ گه‌شه‌ی مێشكی‌دا، قه‌باره‌ی لووتی گه‌وره‌تر و درێژتر ده‌بێت.
ئه‌و منداڵه ته‌مه‌ن 21 مانگییه، تا ئێستا چه‌ندین نه‌شته‌رگه‌ری قورسی بۆ كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی به ئاسانی بتوانێت هه‌ناسه بدات.
"ئیمی پۆل"ی ته‌مه‌ن 22 ساڵ، دایكی ئه‌و منداڵه بۆ رۆژنامه‌ی "ده‌یلی مه‌یلی" به‌ریتانی گوتی: "سه‌ره‌ڕای تانه و ته‌شه‌ڕی خه‌ڵك و لۆمه‌كردنی كه به‌و شێوه‌یه له‌دایكبووه، به‌ڵام من وه‌كو فریشته‌یه‌ك ده‌یبینم و دڵیشم زۆر به قسه‌كانی خه‌ڵك توند ده‌بێت".
دایكه‌كه ئاماژه‌ی به‌وه‌شكردووه، كه "ئۆلی" كوڕی، هاوشێوه‌ی "پینۆكیۆ" كه كه‌سایه‌تییه‌كی فیلم كارتۆنییه، دێته به‌رچاوی و خۆشیده‌وێت.
له كاتی دووگیانی‌دا، پزیشكه‌كان به‌و دایكه‌یان راگه‌یاندبوو، له‌سه‌ر رووخساری منداڵه‌كه، ته‌نێك گه‌شه ده‌كات، به‌ڵام ئه‌وكات بۆیان ده‌رنه‌كه‌وتبوو كه ئه‌وه به‌شێكی مێشكی منداڵه‌كه‌یه.
دایكه‌كه شانازی به‌و منداڵه‌ی خۆیه‌وه ده‌كات كه خاوه‌ن كه‌سایه‌تییه‌كی به‌هێزه و به‌رگری له‌و رۆڵه گه‌وره‌یه‌ی ده‌كات كه توانیویه‌تی پارێزگاری له سرووشتی ئۆلی كوڕیدا بكات، سه‌ره‌ڕای گاڵته‌پێكردن و تانه‌و ته‌شه‌ری خه‌ڵك، كه ئاراسته‌ی ئه‌و منداڵه‌ی ده‌كه‌ن.
ئۆلی، منداڵێكی رووحسووك و خوێنشیرینه و ئێستاش له‌گه‌ڵ خوشكه 4 ساڵانه‌كه‌یدا یاری ده‌كات، هه‌ندێكجاریش خوشكه‌كه‌ی ئیره‌یی به لووتی ئۆلی ده‌بات، كه بووه‌ته جێگای سه‌رنجی خه‌ڵك.
دایكی ئۆلی به‌رده‌وامه له‌سه‌ر په‌روه‌رده‌كردنی كوڕه‌كه‌ی و هاوكات به‌ره‌نگاری ئاسته‌نگێكی دیكه‌ش بووه‌ته‌وه، ئه‌ویش رۆشنبیركردنی خه‌ڵكه، بۆ ئه‌وه‌ی ئاسایی له لووتی كوڕه‌كه‌ی بڕوانن كه له زكماكه‌وه به‌و شێوه‌یه له‌دایكبووه.
دایكه‌كه ده‌شڵێت: "پێمخۆشتره خه‌ڵك پرسیاری هۆكاره‌كانی رووخساری ئۆلیم لێبكه‌ن نه‌ك بڵێن شێوه‌ی ناشیرینه یاخود به ئه‌نگوست ئاماژه‌ی بۆ بكه‌ن و لێی بڕوانن".
سه‌رچاوه: هه‌فینتگۆن پۆست