ئەنجوومەنی دهۆک دەنگ لەسەر کاندیدەکانی یەکگرتوو دەدات

K24- ھەولێر
بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك رایگەیاند ئەمڕۆ كاندیدانی یەكگرتووی ئیسلامیی بەشداریی لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك دەكەن و دەنگ لەسەر پەسەندکردنیان دەدرێت.
ئیدریس ئەحمەد، بڕیاردەری ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ كاندیدانی یەكگرتووی ئیسلامیی لە سنووری پارێزگای دھۆك سەردانی ئەنجوومەنی پارێزگاکە دەكەن و لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنەکە بەشدار دەبن".
ئیدریس ئەحمەد گوتیشی: "لە كۆبوونەوەكەدا دەنگ لەسەر كاندیدەکانی ئیەکگرتوو دەدرێ بۆ پەسەندکردنیان بۆ ئەو پۆستانەی کە لە ئەنجوومەنی پارێزگای دھۆك بە یەکگرتوو دراون و دوای دەنگدان سیڤییەكانیان رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی كوردستان دەکرێن، ئەگەر لە رووی یاساییەوە كێشەیان نەبێ پەسەند دەكرێن".
پارتی دیموكراتی كوردستان پێشتر لەگەڵ یەکگرتووی ئیسلامیی رێککەوتن لەسەر ئەوەی 25 پۆستی ئیداریی لە سنووری پارێزگای دھۆك بە یەكگرتوو بدات.