كوردستان 24 هه‌ڵوێستى حكومه‌تى هه‌رێم له‌ باره‌ى كه‌مكردنه‌وه‌ى موچه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌

نوێنه‌ران بريارى كه‌مكردنه‌وه‌ى مووچه‌يان په‌سندكرد

K24- ھەولێر:

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران پرسی كەمكردنەوەی خەرجییەكانی دامودەزگاكان تاوتوێ دەکرێ، بەڵام مووچەی فەرمانبەران كەم ناكرێتەوە.

بەرپرسێكی باڵای حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ماڵپەڕی (كوردستان24)ی راگەیاند: "ماوەی ھەشت مانگە چەند لێژنەیەك كار لەسەر ئەوە دەكەن چۆن خەرجییەكانی دامودەزگاكان كەم بكرێنەوە، لە كۆبوونەوەی داھاتووی ئەنجوومەنی وەزیران كاری ئەم لێژنانە تاوتوێ دەکرێت".

ئەو بەرپرسە گوتیشی: "دەستكاریی مووچەی فەرمانبەران ناكرێت و كەم ناكرێتەوە، كار لەسەر ئەوە دەكەین دەرماڵە و خەرجییەكانی دیكە كەم بكەینەوە". ئاماژەشی کرد کە: "ئەو بڕیارە پێویستی بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان نییە، چونكە كەمكردنەوەی دەرماڵە و خەرجییەكانە نەك مووچە".

ماوەیەكە دەنگۆی ئەوە ھەیە كە گوایە مووچەی فەرمانبەرانی ھەرێمی كوردستان كەم دەكرێتەوە، بەڵام بەرپرسەکەی حكوومەتی ھەرێمی كوردستان رەتیكردەوە ئەنجوومەنی وەزیران دەستكاریی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم بكرێت.

هه‌ر له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌مڕۆ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، لە بارەی پەسندكردنی پرۆژە یاسای بودجەی 2016 عێراق دانيشتنى خۆى دەستپێكرد.

پێشتر كوردستان24 بڵاوی كردبووەوە، كە دەوڵەتی یاسا دژی پەسەندكردنی 17% یە بۆ ھەرێمی كوردستان و بڕیاریانداوە لێنەگەڕێن ئەو بودجە پەسند بكرێت.

كوتله‌ى دەوڵەتی یاسا بڕیاریداوە 13% وەك پشكی ھەرێمی كوردستان دیار بكرێت، ئه‌گه‌ر ئەوەش نەكرێت رێگە نەدەن بودجە پەسند بكرێت.

له‌ دانيشتنه‌كه‌دا، به‌ زۆرينه‌ى ده‌نگى به‌شداران  بڕياردرا به‌ رێژه‌ى له‌سه‌دا 3 مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران كه‌مبكرێته‌وه.