سەرۆكی ھەرێمی كوردستان: ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگیی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە

"لە رۆژی ئاڵای كوردستان هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان".

K24- ھەولێر

بەبوونەی رۆژی ئاڵای كوردستان مەسعوود بارزانیی، سەرۆكی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگیی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە.

لە پەیامێکدا بەبوونەی رۆژی ئاڵای کوردستانەوە سەرۆكی ھەرێمی كوردستان سڵاوی بۆ گیانی شەھیدان نارد و پیرۆزبایی لە خۆراگریی و گیانبەخشینی پێشمەرگە دەكات و دەڵێ: "لە رۆژی ئاڵای كوردستان هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان.

لەم بۆنە پیرۆزەدا پێزانینم هەیە بۆ خۆڕاگریی گەلی كوردستان و گیانفیدایی پێشمەرگە قارەمانەكانمان.

لە بەشێكی دیكەی پەیامەكەی بارزانیدا ھاتووە: "ئاڵاكەمان نیشانەی یەكدەنگیی و یەكگرتوویی گەلەكەمانە و بۆ گەیشتن بە سەربەرزیی و رزگاریی یەكجارەكی هەموومان لە یەك سەنگەر كۆدەكاتەوە. هەر بۆیەش بۆ بەرزڕاگرتنی ئەو ئاڵایە رۆڵەكانمان لە بەرەكانی شەڕ گیان دەبەخشن و شەهید دەبن. رەنگ و هێما و سیمبوڵەكانی ئاڵای كوردستان پێناسەی ئاشتیی و ئازادیخوازیی و كۆڵنەدانی گەلەكەمانە، ئەو بەها بەرزانەی سەركردە نەمرەكانمان بۆ ئێمەیان بەجێهێشت و ئەركی ئێمەیشە بییانپارێزین و رادەستی نەوەی نوێیان بکەین.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا سەرۆكی ھەرێمی كوردستان دەڵێ: "با ئاڵاكەمان بپارێزین و كار بە پەیامەكانی بكەین. رۆژی ئاڵای كوردستان لە گەلی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانییەوە پیرۆز بێت".

"لە رۆژی ئاڵای كوردستان هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدە سەربەرزەكانمان".