ئەمریکا بۆ یەکەمجار لە رێگای وشکانییەوە چەکی گەیاندە رۆژئاوای کوردستان

هاوكارییه‌كان گه‌یه‌نراونه‌ته‌ نزیك ناوچه‌ی شه‌داد له‌ حه‌سه‌كه‌

K24 - هه‌ولێر:

وەزارەتی بەرگری ئەمه‌ریکا رایگەیاند کە هاوکاری سەربازی هێزی سووریای دیموکراتیان کردووە لە نزیک ناوچەی شەدادی لە پارێزگای حەسەکەی رۆژئاوای کوردستان.

سەرچاوەیەکی پنتاگۆن رایگەیاند هاوکارییە سەربازییەکان لە رێگەی وشکانییەوە بە شێوەیەکی دروست گەینراونەتە  باکووری رۆژهەڵاتی  سووریا و رادەستی هێزی سووریای دیموکرات کراون. یەکینەکانی پاراستنی گەل  (یەپەگە) بەشدارێکی سەرەکی هێزەکانی سووریای دیموکراتن.

سەرەڕای ناڕەزایەتییەکانی تورکیا، ئەمە سێیەمین جارە ئەمریکا چەک رەوانەی رۆژئاوای کوردستان دەکات، پێشتر لەڕێگەی فڕۆکەوە بووە، بەڵام ئەمجارەیان چەکەکان لەڕێگەی وشکانییەوە گەیەندراون و گومان دەکرێت چەکەکان لەرێگەی باشووری کوردستانەوە گەیندرابێتنە رۆژئاوای کوردستان.

به‌ گوێره‌ی  سەرچاوەکان، هێزەکانی سووریای دیموکرات سەرقاڵی خۆمائامادەکردن و پلانداڕشتنن بۆ هێرشکردنە سەر شەدادی. شەدادی ناوچەیەکی ستراتیژییە و دەکەوێتە نێوان دێرەزور و حەسەکە. ئەو ناوچەیە دەوڵەمەندە بە نەوت و گاز. بەشێکە لە سەرچاوەکانی دارایی داعش  و بنکەیەکی سەرەکی ئەو رێکخراوەیە لە باشووری حەسەکە.

ئەو سەرچاوەیەی پنتاگۆن رایگەیاندووە، ئامانج لە ناردنی ئەو چەکانە بۆ پشتگیریکردنی ئەو هێزانەیە کە دەیانەوێ هێرشبکەنە سەر ناوچەی شەدادی.

لەو بارەیەوە، ستیڤ وارن، گوتەبێژی پنتاگۆن رایگەیاندووە: "شەدادی ناوچەیەکی ستراتیژییە، داعش لە شەدادییەوە چەک و هێز بۆ ناوچەکانی دیکە دابەشدەکات. پێشتر بەڵینمان دابوو کە چەک و پێداویستی بۆ ئەو هێز و لایەنانە دابین بکەين کە  شەڕی داعش دەکەن".

 سەرچاوەیەکی دیکەی پنتاگۆن رایگەیاندووە: "لەم قۆناخەدا نامانەوێت هیچ وردەکارییەک باس بکەین، بەڵام پێشبینی دەکرێت داعش لە شەدادی بەرگرییەکی توند بکات".

سەرچاوە سەربازییەکان ئاماژە بەوە دەکەن، داعش هێزی زیاتری رەوانەی ناوچەکە کردووە و خەریکە سەنگەرەکانی خۆی پتەوتر دەکات.

 پنتاگۆن ئاماژە بەوە دەکات، لە شەش هەفتەی رابردوودا هێزەکانی سووریای دیموکرات نزیکەی هەزار کیلۆمەتری دووجایان لە ژێر کۆنتڕۆڵی داعش دەرهێناوە، بۆیە متمانەیان بەو هێزانە هەیە.

 ئەمە لە کاتێکدایە لە مانگی ئۆکتۆبەری رابردوودا ئەمریکا ژمارەیەک راوێژکاری سەربازی تایبەتی بۆ رۆژئاوای کوردستان نارد. هاوکات باراک ئۆباما سەرۆکی ئەمریکا رۆژی دووشەممەی رابردوو رایگەیاند کە پشتگیری زیاتری هێزە کوردییەکان دەکەن.