بارزانى بۆ كارته‌ر: پێویستە بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێته‌وه‌

ئه‌مڕۆ ئاشتۆن كارته‌ر، دواى شه‌وێك مانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، گه‌يشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانييدا كۆبوويه‌وه‌.

K24 – هه‌ولێر:

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكا، ئاشتۆن كارته‌ر، رايگه‌ياند، پێویستە بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێته‌وه‌.

ماڵپه‌ڕى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا، ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى نێوان سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و وه‌زيرى به‌رگرى ئه‌مريكاى خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وەزیری بەرگریی ئەمەریكا رايگه‌ياندووه‌، هەرێمی كوردستان زۆر بە باشی توانیویەتی شەڕ بكات و بەرگری لەخۆی بكات و لە هەمانكاتیشدا خۆیشی بە باشی بەڕێوە ببات و ئەوەیش جێگەی سەرنجی هەموو لایەكە.

هه‌روه‌ها هاتووه‌، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كارته‌ر داوايكردووه‌، "هەموو لایەك سوود لە ئەزموونە گرانبەهاكانی هێزی پێشمەرگە وەربگرن لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا".

وه‌ك سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێم ئاماژه‌ى پێكردووه‌، له‌ ميانى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كارته‌ر مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ هه‌رێم ئاشكرا كردووه‌ و رايگه‌ياندووه‌، "بۆ تۆكمەتركردنی لێكتێگەییشتن و هەماهەنگیی نێوان هەردوولا سەردانی هەولێری كردووە و وڵاتەكەی رەزامەندە لەو متمانە و هەماهەنگییەی كە لەنێوان سوپای ئەمەریكا و هێزی پێشمەرگەدا هەیە".

له‌ به‌رامبه‌ريشدا، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى رايگه‌ياندووه‌، هه‌وڵى هه‌مه‌لايه‌نه‌ پێويستن بۆ له‌ناوبردنى تيرۆر.

له‌ باره‌ى عێراقيشه‌وه‌، بارزانى به‌ كارته‌رى گوتووه‌: "پێویستە هاوكات بیر لە چارەسەری بارودۆخی سیاسیی عێراقیش بكرێته‌وه‌".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ كراوه‌، "له‌ كۆبوونەوەكەدا باسی بارودۆخی سیاسی، ئەمنی عێراق و سووریا و ناوچەكە بە گشتی، پلانی رزگاركردنی موسڵ كراوه‌".

له‌ كۆتايى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌شدا هاتووه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا ژماره‌يه‌ك به‌رپرسى باڵاى هه‌رێمى كوردستان به‌شدارييان كردووه‌.

ئه‌مڕۆ ئاشتۆن كارته‌ر، دواى شه‌وێك مانه‌وه‌ له‌ به‌غدا، گه‌يشته‌ هه‌ولێر و له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانييدا كۆبوويه‌وه‌.