بۆ يه‌كه‌مجاره‌.. پرسى كورد ده‌بێته‌ ته‌وه‌رى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنى ئه‌مريكا

پرسى كوردیش یەكێك بوو لە بابەتەكانی دیبەیتى نێوانيان.

K24 – ھەولێر:

بۆ یەکەمجار کاندیدی پارتە کۆمارییەکانی ئەمریکا لە بەرنامەیەکی راستەوخۆی تەلەڤزیۆنیدا رووبەڕووی یەکدى بوونەوە و پرسى کوردیش یەکێک بوو لە بابەتەکانی دیبەیتى نێوانيان.

جێب بوش، کە یەکێکە لە کاندیدەکان و کوڕە بچووکی بنەماڵەی بوشە، ھێرشی توندی کردە سەر دۆناڵد ترامپی رکابەری و  بە نموونە ھێنانەوەی کورد وەڵامی لێدوانەکەی ھەفتەی رابردووی سەبارەت بە قەدەغەکردنی موسڵمانان بۆ ھاتنە ناو ئەمریکاى دايه‌وه‌.

جێب بوش، گوتى: "ئەو پێشنیازەت، پێشنیازێکی جديی نییە و جیھانی عەرەبی زیاتر دوور دەخاتەوە لێمان، لەکاتێکدا ئێمە پێویستە زیاتر لێیان نزیک ببینەوە. کورد، کە بەھێزترین ھاوپەیمانمانن: ئەوانیش موسڵمانن".

تەنیا جێب بوش داوای ھاوکاری کوردی نەکردە خاڵێکی سەرەکی قسەکانی و کاندیدێکی دیکە کارلی فیۆرینا، کۆشکی سپی بەوە تۆمەتبار کرد لە رابردوودا گوێیان لە داواکانی کورد نەگرتووە.

کارلی فیۆرینا، کاندیدی کۆمارییەکان، گوتى: "کورد سێ ساڵە داوا لە ئیدارەی ئۆباما دەکات چەکیان بدەینێ، کەچی ئێمە ھێشتا چەکیان نادەینێ".

ھاوکاریکردنی کورد لە دەيبه‌یتەکەی شەوی سێشەممە، لەکاتێکدایە کە چەند رۆژێک لەمەوپێش سیناتۆری ته‌کساس و کاندیدێکی دیکەی کۆمارییەکان، تێد کروز، رایگەیاند، بۆ لەناوبردنی رێکخراوی داعش، دەبێت واشنتن کورد پڕچەک بکات.

لەلای خۆیەوە، راند پوڵی، سیناتۆری ئەمریکی و کاندیدێکی دیکەی کۆمارییەکان لەرابردوودا باسی لەوە کردووە کورد نەک تەنیا شیاوی ھاوکاری سەربازین، بەڵکو شیاوی دەوڵەتیشین.