به‌ ڤيديۆ.. رێگرى له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵايه‌كى گه‌وره‌ى كوردستان ده‌كرێت

هێزه‌كانى ئاسايشى رۆژئاواى نزيك له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان، رێگريان له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵايه‌كى سه‌د مه‌ترى كوردستان گرت
kurdistan24.net

K24 – قاميشلۆ:

له‌ سنوورى شارى قاميشلۆ، هێزه‌كانى ئاسايشى رۆژئاواى نزيك له‌ پارتى كرێكارانى كوردستان، رێگريان له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵايه‌كى سه‌د مه‌ترى كوردستان گرت، كه‌ بڕيار بوو له‌ لايه‌ن چالاكان و هاووڵاتييانى كوردى شاره‌كه‌وه‌ هه‌ڵبكرێت.

كوردستان 24، ديمه‌نى رێگريكردنه‌كه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌ و به‌ گوێره‌ى گرته‌ ڤيديۆييه‌كان هێزه‌ ئه‌منييه‌كان بۆ په‌رته‌وازه‌كردنى چالاكان و هاووڵاتيانى كورد، سووديان له‌ ئۆتۆمبێلى ئاگركوژێنه‌وه وه‌رگرتووه‌ و له‌ رێگه‌ى ئاوپڕژاندنه‌وه‌ هه‌وڵى رێگريكردن له‌ هه‌ڵكردنى ئاڵاكه‌ ده‌كه‌ن.

ئه‌و رووداوه‌، هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ يادكردنه‌وه‌ى رۆژى هه‌ڵكردنى ئاڵاى كوردستان له‌ شارى مهاباد.