ژنێك بۆ ئەندامی ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەريی ئێران خۆى كاندید دەكات

ژنێك بۆ بەدەستھێنانی كورسی لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران خۆی كاندید دەكات، ئەمەش مشتوبڕێكی زۆری لێدەكەوێتەوە.

K24 – تاران:

ژنێك بۆ بەدەستھێنانی كورسی لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران خۆی كاندید دەكات، ئەمەش مشتوبڕێكی زۆری لێدەكەوێتەوە.

بە گوێرەی راپۆرتێكی ئاژانسی ھەواڵی ئیسنا، لەگەڵ دەستپێكی ناونووسینی كاندیدەكان بۆ بەشداری لە ھەڵبژاردنی ئەنجومەنی شارەزایانی كۆمارى ئيسلامى لە ئێران، ژنێك بە ناوی عیسمەت سەوادی كە مامۆستاى زانكۆی شەریعه‌تيی ئيسلامییە خۆی كاندید كردووه‌.

ئەو ژنە دكتۆرای لە زانستی ئیسلامیداھەیە، پێشتریش سەرۆكی بەسیجی یەكەی زانست و لێكۆڵینەوەی فەرھەنگی زانكۆی ئازادی ئیسلامی بووە.

پێشتر خۆ كاندید كردنی ژنان بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری لە ئێران ھەرایەكی زۆری لێكەوتەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە كە لە مادەی 115ی دەستووری ئێران سەبارەت بە پێوەری سەرۆك كۆماری ئاماژە بەوەكراوە، دەبێت، سەرۆك كۆمار لە ناو پیاوانی ئایینی و سیاسییدا ھەڵبژێردرێت.

ھەندێك وشەی پیاو بە پیاو مانا دەكەنەوە و ھەندێكێش وەك كەسایەتی لێكیدەدەنەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ ژنێك نەیتوانیوە بە فیلتەری ئه‌نجوومه‌نى دياريكردنى به‌رژه‌وه‌ندييه‌ باڵاكانى كۆمارى ئيسىلاميدا و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاريكردن له‌ بنه‌ماكانى ئێراندا تێپەڕێت.

لە مادەی 3ی تایبەت بە نوێنەرانی ئەنجوومەنی شارەزايانی ئێراندا، باوەڕبوون بە بنەماكانی ئیسلام و شایستەبوونی ئەخلاقی، توانای لێكدانەوە و تەفسیری فیقهـ و بابەتە ئیسلامیيەكان، مەزھەبی شیعە  و پابەندبوون بە بنەماكانی كۆماری ئیسلامی لە پێوەرە سەرەكییەكانی خۆ كاندید كردنە بۆ ئەندامێتی ئەنجومەنی شارەزایان.

نەجاتوڵڵا ئیبراھیمیان، وتەبێژی شورای نیگه‌ھبان ئاماژەی بەوە كرد كە لە یاسادا رەگەزی كاندیدەكان بۆ بەشداری لە ئەندامێتی لە ئەنجومەنی شارەزایانی ئێران دەستنیشان نەكراوە.

هەر لەو بارەیەوە گوتی: "بەرپرسیارێتی ھەڵبژاردنی ژنان لەسەر ئەستۆی ئەنجوومەنی شورای نیگھبانە".

پێنجەمین خولی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی شارەزایان ھاوكات لەگەڵ دەیەم خولی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێران لە 26ی شوبات/ فێبرايه‌رى داهاتوو، بەڕێوە دەچێت.