كریستیانۆ هیوای منداڵه‌ بێ باوك و دایكه‌كه‌ی هێنایه‌ دی

له‌ ئیسپانیا كریستیانۆ چاوی به‌ حه‌یده‌ر كه‌وت

K24 ـ ژووری هه‌واڵ

دواجار ئەو منداڵە لوبنانییەی بەهۆی تەقینەوە دایک و باوکی لەدەستدا، هیوایەکەی هاتەدی و چاوی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆی یاریزانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانییەوە کەوت.

 

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌، 19 كانوونی یه‌كه‌م/ دیسه‌مبه‌ری 2015، ماڵپه‌ری Marcaـی ئیسپانیا چاوپێكه‌وتنه‌كه‌ی نێوان كریستیانۆ و حەیدەری ٣ ساڵان بڵاو كرده‌وه‌ كه‌ مانگی رابردوو بەهۆی تەقینەوەیەک لە شاری بەیروتەوە لەبەرچاوی خۆی دایک و باوکی لەدەستدا و کەسێکی نزیکی ئەو منداڵە لە تویتەر دەستی بە هەڵمەتی رۆناڵدۆ حەیدەر ببینه‌ کرد و بە هەزاران کەس بەشدارییان لەو هەڵمەتە کرد و ئەو پەیامە گەیشتە دەستی ریال مەدرید و رۆناڵدۆ.

دوێنێ هەینی لە مەدرید، رۆناڵدۆ و فلۆرێنتینۆپێرێزی سەرۆکی یانەی ریال مەدرید چاویان بە حەیدەر کەوت و بە گەرمی پێشوازییان لێی کرد.

یانەی ریال مەدرید لە ماڵپەڕی فەرمیی خۆیشی ئەو هەواڵەی بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی (دواجار رۆناڵدۆ چاوی بە حەیدەر کەوت).

هەروەها ماڵپەڕەکە راشیگەیاندووە، پێرێز بەڵێنی هاوکاریکردنی ئەو منداڵە لوبنانییەی بە کەسوکارەکانی حەیدەر داوە.