توركیا: بەردەوام دەبین لە کشاندنەوەی هێزەکانمان لە عێراق

سەرەتای ئەم مانگە تورکیا هێزێکی سەربازیی زریپۆشی لە نزیکی شاری مووسڵ لە باکووری عێراق جێگیر کرد

K24

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا رایگه‌یاند کە به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كشاندنه‌وه‌ی هێزه‌كانی لە عێراق، بۆ هێورکردنەوەی گرژییەکانی له‌گه‌ڵ عێراق.

وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی توركیا لە راگەیەندراوێکدا گوتی: "بە لە بەرچاوگرتنی هەستیارییەکان لەگەڵ عێراق.. تورکیا بەردەوام دەبێ لەو پرۆسەیەی کە پێشتر دەستی پێکردبوو بۆ کشاندنەوەی هێزەکانی لە پارێزگای نەینەوا".

ئەمەش دوای داوایەکی باراک ئۆباما، سەرۆکی ئەمریکاهات کە لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ رەجەیب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا داوای کردبوو ئەنقەرە هێزەکانی لە عێراق بکشێنێتەوە.

سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەیدا جەختی لەسەر پێویستیی رێزگرتن لە سەروەریی و یەکپارچەیی خاکی عێراق کردبوو. بەپێی راگەیەندراوێکی کۆشکی سپی.

ئەمە لە کاتێکدایە هەفتەی رابردوو عێراق داوای له‌ توركیا كرد ته‌واوی هێزه‌كانی لە خاکی عێراق بکشێنێتەوە.

سەرەتای ئەم مانگە تورکیا هێزێکی سەربازیی زریپۆشی لە نزیکی شاری مووسڵ لە باکووری عێراق جێگیر کرد و رایگەیاند کە ئەو هێزە بۆ مەشقپێکردنی هێزە خۆبەخشەکانی عێراق رەوانە کراون لە چوارچێوەی ئامادەکاریی بۆ دەرکردنی مووسڵ لە بندەستی داعش.

بەڵام ئه‌حمه‌د داوودئۆغلو، سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا دوێنێ لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگەیاند کە: "هێزه‌كانمان له‌ عێراق ناكشێنینه‌وه‌، تاكوو مووسڵ به‌ ته‌واوی له‌ داعش پاكنه‌كرێته‌وه‌ و ئازاد نه‌كرێت".