خالید عوبەیدیی: تا كۆتایی ئەم مانگە تەواوی رومادیی كۆنتڕۆل دەكرێتەوە

"پلانمان بۆ رزگارکردنی مووسڵ داڕشتووە"

K24- ھەولێر

خالید عوبەیدیی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند بەپێی پلانەكان تا كۆتایی ئەم مانگە تەواوی شاری رومادیی ناوەندیی پارێزگای ئەنبار لە رۆژئاوای عێراق كۆنترۆل دەكەنەوە.

خالید عوبەیدیی دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ فەرماندەیی ھێزە ھاوبەشەكانی عێراق لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا راشیگەیاند: "بەپێی پلانەكانمان تا كۆتایی ئەم مانگە تەواوی شاری رومادی كۆنترۆل دەكەینەوە".

خالید عوبەیدیی گوتیشی: "لە رووبەڕووبونەوە لەگەڵ چەكدارانی داعشدا ھەوڵمانداوە كەمترین قوربانیی و زیان بەر ھێزەكانمان و خەڵكی مەدەنی بكەوێت و ھۆكاری دواكەوتنی كۆنتڕۆڵكردنەوەی رومادیی تا ئێستا هەر ئەوە بووە".

وەزیری بەرگریی عێراق ئاماژەشی کرد کە: پلانیان بۆ رزگارکردنی شاری مووسڵ لە بندەستی چەکدارانی داعش داڕشتووە و هێزە ئەمنییەکان ئامادەن بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە و تێچووی پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق ئەمساڵ لە 600 ملیۆن دۆلار تێنەپەریوە.

خالید عوبەیدیی هاوکات ستایشی رۆڵی پێشمەرگە و حەشدی شەعبیی کرد لە شەڕی دژی داعشدا.

کۆڵۆنێڵ ستیڤ وارن، گوتەبێژی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیی لە دژی داعش پێشتر رایگەیاند کە: رومادیی تەواو لە دەوروبەری دابراوە و هێزە عێراقییەکان دەستیان بە پاککردنەوەی شارەکە کردووە.