خەونی گەیشتن بە ئەورووپا 18 كەسی دیكەی خنكاند

لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە سێیەمین رووداوی ھاوشێوەیە

K24

وەرگەڕانی بەلەمێك لە دەریای ئیجەی نێوان توركیا و یۆنان بووە ھۆی خنكانی 18 پەنابەری دیكەی سووریی و عێراقیی كە بە مەبەستی گەیشتن بە ئەوروپا و بەدیھاتنی خەونی ژیانێكی ئاسوودە رێگای مانونەمانیان ھەڵبژاردبوو.

بەگوێرەی زانیارییەكان لە نێو قوربانییەكان منداڵیش ھەن، ھاوكات 14 پەنابەریش لەلایەن ھێزەكانی فریاكەوتنەوە رزگار کراون.

لە ماوەی هەفتەیەکدا ئەوە سێیەمین رووداوی ھاوشێوەیە، لە کاتێکدا لە ماوەی دوو رۆژی رابردوودا ھەشت پەنابەری عێراقیی كە پێنجیان  منداڵ بوون لە دەریای ئیجە خەنكان.

یەكێتی ئەورووپا لە ماوەی رابردوودا كۆمەڵێك ئیمتیازی بە توركیا دا بۆ ئەوەی رێگریی لە گەیشتنی کۆچبەران بکات بۆ ئەوروپا.

رێكخراوی نێودەوڵەتی كۆچ و كوچبەران لە راپۆرتێكیدا كە سەرەتای ئەو مانگە بڵاوی كردەوە رایگەیاند: "لە ماوەی 11 مانگدا 3563 پەنابەر لە دەریا و لە پێناوی گەیشتن بۆ ئەوروپا گیانیان لەدەستداوە.