لە ھەڵبژاردەكانی ئەسپانیا ھەوڵی درۆستكردنی سەردەمێكی نوێ دەدرێت

یەك لەسەر سێی دەنگدەران بڕیاری خۆیان نەداوە دەنگ بە كێ بدەن

K24

ھەڵبژاردەكانی پەرلەمانی ئەسپانیا ئەمڕۆ یەكشەممە دەستیپێكرد و لەم ھەڵبژاردنەدا پارتە نوێیەكان ھەوڵدەدەن ھەژموونی بەردەوامی سۆشیالیست و پارێزگارەكان لە حۆكمڕانیی كەم بكەن و دەست بە سەردەمێكی نوێی سیاسەتی سازان و كۆكبوون بكەن.

سیستمی سیاسیی ئەسپانیا لە 40 ساڵی رابردوودا بە گەندەڵ تۆمەتبار دەكرێت بە تایبەت كە نەیتوانیوە چارە بۆ قەیرانی ئابووریی بدۆزیتەوە، بۆیە گەلێك لە بەرپرسانی ئەسپانیی رایاندگەیاندووە كە ئامادەن سیستمەكە ھەموار بكەن و بەرەو دیموكراتیی ھەنگاو بنێن.

بەپێی توێژینەوەکان لەم ھەڵبژاردنانەدا ھێشتا یەك لەسەر سێی دەنگدەران كە 35.5 ملیۆن کەسن بڕیاری خۆیان نەداوە دەنگ بە كێ بدەن.

راپرسییەكان پێشبینی سەركەوتنی پارتی میللی پارێزگار بە سەركردایەتی سەرۆك وەزیرانی ئێستا ماریانۆ راخۆی دەكەن، بەڵام دەڵێن زۆرینەیەكی رەھا بەدەست ناھێنێت.

چاوەڕوانیش دەكرێت پارتی سۆشیالیست پلەی دوو لە هەڵبژاردنەکەی ئەمڕۆ بەدەستبێنێ.