پرۆژە یاسای دروستكردنی ناوچەی ئازادی مێھران رەتكرایەوە

"دروستكردنی ناوچەی ئازاد خزمەتێكی گەورە بە رەخساندنی ھەلی كار و گەشەی ناوچەكە دەكات"

K24

نوێنەرانی ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی ئێران لە دانیشتنێكی كراوەدا بۆ دووەمجار پرۆژە یاسای دروستكردنی ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی مێھرانیان رەتكردەوە.

پرۆژە یاسای دروستكردنی ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی مێھران، ئەروەندی، بانە و مەریوانی رۆژھەلاتی كوردستان لە لایەن ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی رەتكرایەوە.

سەرەتا ئەو پڕۆژە یاسایە لە لایەن ھەردوو نوێنەری تاران ئەحمەد تەوەكولی و عەلی ئەسغەر زارعیی و نوێنەری ئیسفەھان حەسەن كامەران رەتكرایەوە، ھۆكارەكەشیان بۆ ئەوە گەڕاندەوە كە پێشبینیی دەكرێت ئەو ناوچانە تەنیا بۆ ھاوردەكردنی كاڵا بەكار بێت.

نۆێنەری ئیلام لە وەڵامی گوتەی ناڕازییەكان گوتی: "دروستكردنی ناوچەی ئازاد خزمەتێكی گەورە بە رەخساندنی ھەلی كار و گەشەی ناوچەكە دەكات"، ئەوە لە كاتێكدایە كە بێكاریی یەك لە كێشە سەرەكییەكانی دانیشتوانی پاریزگاكانی ورمێ و سنەیە.

بەڕێوەبەری ئەنجوومەنی باڵای ناوچەی ئازادی بازرگانیی و پیشەسازیی و نوێنەری كۆمیسێونی ئابووریی رەزامەندیی خۆی بۆ دروستكردنی ناوچەی ئازاد لە شارەكانی بانە و مەریوان  دەربڕی، بەڵام لە كۆتایی دانیشتنەكەدا 50% لە 230 نوێنەرانی ئامادە لە ئەنجوومەنی شۆڕای ئیسلامیی دەنگی ئەرێنیان پێدا.

 ئەوەش لە كاتێكدایە كە پەسندكردنی ئەو پڕۆژە یاسایە پێویستی بە دەنگی دوو لەسەر سێی نوێنەران ھەبوو، ھەر بۆیە لەبەر ئەوەی دەنگی پێویستی بەدەستنەھێنا لە بەرنامەی كاری ئەنجوومەنی شۆڕای ئیسلامیی لادرا.

دانیشتووانی ناوچە سنوورییەكانی رۆژھەڵاتی كۆردستان ھیوایەكی زۆریان بە دروستبوونی ئەو ناوچەیە ھەبوو، چونكە رێژەیەكی زۆر لە خەڵكی ئەو ناوچانە ھەژارن و رۆژانە كۆڵبەران دەكەونە بەر دەستڕێژی گولەی ھێزەكانی كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە.

 

سەرچاوە: ئاژانسەکان