باشترین وڵات بۆ ژیان و گوزەران بناسە

ماوەی 12 ساڵە نەرویج لە ریزبەندی یەكەمی ئەو خشتەیەدایە

K24

لە راپۆرتێكی رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووكاندا ئەمساڵیش نەرویج نازناوی یەكەم و باشترین وڵاتی جیھانی بەدەستهێنایەوە بۆ ژیان و گوزەران.

ماوەی 12 ساڵە نەرویج لە ریزبەندی یەكەمی ئەو خشتەیەدایە، چونکە وەک نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێ کەرتەکانی پەرەپێدانی گەشەی مرۆیی لەو وڵاتە لە سەرجەم وڵاتانی جیھان بەرزترە.

بەگوێرەی ئەو راپۆرتە ئەو وڵاتانەی كە لە ریزبەندەكەدا پلەی 50 تاوەکوو 150 یان پێدراوە بارودۆخی دانیشتووانیان خراپە، پلەبەندیی ئێران لەو ریزبەندەدا 69 یەمینە و پلەی سووریا و عێراق بەهۆی شەڕی داعشەوە زۆر دابەزیوە.

رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان لە ساڵی 1990 وە 188 وڵاتی جیھانی خستووەتە ژێر چاودێرییەوە، پێوەرەكانی ئەو ھەڵسەنگاندنەش، تەمەن، تەندروستیی، دەستڕاگەیشتن بە ئاستی زانست و رادەی خۆشگوزەرانیی ھاوڵاتیانە.

نێوەندی تەمەن لە وڵاتی نەرویج 81 ساڵە و داھاتی ساڵانەی ھەر ھاوڵاتییەكی نەرویج 70000 دۆلارە، ئەوەش وەك نموونەیەك بۆ ئەو وڵاتە ئیسكاندیناڤییە دێتە ئەژمار.

لە ریزبەندییەکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ خۆشگوزەرانیی ئۆسترالیا، سویس، دانیمارك و ھۆڵەندا بەریز بەدوای نەرویج دادێن. خراپترین وڵاتەكانی جیھانیش بۆ ژیان بریتین لە: نیجەر، ئافریقای ناوەندی، ئەریتیریا.