رۆژنامەنووسانی ماڵپەڕێكی یەکێتی مان دەگرن

بەرپرسی ماڵپەڕەكە: هۆکارەکە دواکەوتنی مووچەیە

K24- ھەولێر

ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی ماڵپەڕی (Pukmedia)ی زمانحاڵی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بەھۆی دواکەوتنی مووچەی مانگانەیان مانیان لە كاركردن گرتووە و دەڵێن تاوەکوو مووچەیان پێ نەدرێت دەست بەكار ناکەنەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگادار بە ماڵپەڕی (كوردستان24) ی راگەیاند: "لە دوێنیوە رۆژنامەنووسانی ھەردوو بەشی سۆرانیی و عەرەبیی ماڵپەڕی Pukmedia ی زمانحاڵی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان مانیان لە كاركردن گرتووە و تا مووچەیان پێنەدرێت دەست بە كارکردن ناكەنەوە".

كاروان ئەنوەر، بەرپرسی Pukmedia لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی (كوردستان24) ھەواڵەكەی پشتراستكردەوە و گوتی: "وەك مافی خۆیان بە شێوەیەكی مەدەنیی و بەپێی یاسا ژمارەیەك لە رۆژنامەنووسانی ماڵپەڕەكەمان لە ھەردوو بەشی سۆرانیی و عەرەبیی مانگرتنیان لە كاركردن راگەیاند".

كاروان ئەنوەر گوتیشی: "بڕیارە سبەی مووچەی مانگێك بۆ رۆژنامەنووسانی ماڵپەڕەكەمان خەرج بكرێت، دوای ئەوەش دەست بە کارکردن دەکەنەوە".