ئامه‌د.. له 5رۆژدا سه‌د كه‌س گيانيان له‌ده‌ستداوه و 200 هه‌زاريش ئاواره بوون

K24 – ئامه‌د:
له ئاكامى پرۆسه سه‌ربازييه‌كانى سوپاى توركيا له باكوورى كوردستان، سه‌د كه‌س گيانيان له‌ده‌ستداوه، كه زۆرينه‌ى ره‌هايان هاووڵاتييانى باكوورى كوردستان بوون.
سه‌رچاوه‌يه‌كى ئه‌منيى توركيا، بڵاويكردووه‌ته‌وه، له ئاكامى ئۆپراسيۆنه سه‌ربازييه‌كانياندا 102 كه‌س كوژراوون، به گوته‌ى ئه‌و سه‌رچاوه‌يه زۆربه‌ى ئه‌وانه‌ى كوژراوون، ئه‌ندام ياخود چالاكى سه‌ر به پارتى كرێكارانى كوردستان بوون.
له به‌رامبه‌ردا، چالاكانى كورد له باكوورى كوردستان رايانگه‌ياندووه، زۆرينه‌ى ئه‌وانه‌ى گيانيان له‌ده‌ستداوه، هاووڵاتى مه‌ده‌نيى بوونه و به زه‌برى فيشه‌ك و بۆردومانى هێزه ئه‌منييه‌كان گيانيان له‌ده‌ستداوه.
هێزه ئه‌منييه‌كانى توركيا ئه‌وه‌يان نه‌شاردووه‌ته‌وه، له ئاكامى پێكدادانى نێوان هه‌ردوولادا دوو سه‌ربازى سوپا كوژراوون.
سوپاى توركيا 10 هه‌زار سه‌ربازى به پشتيوانى تانك و زرێپۆش و فڕۆكه‌ى جه‌نگى ره‌وانه‌ى شاره‌كانى شه‌رناخ و سلۆپى و جزيره كرد و ماوه‌ى زياتر له دوو هه‌فته بڕيارى قه‌ده‌غه‌كردنى هاتوچۆيان به‌سه‌ر هاووڵاتيياندا سه‌پاند.
فه‌رمانده‌ى هێزه ئه‌منييه‌كانى توركيا ژه‌نه‌راڵ خلوسى ئاكار، رايگه‌ياندووه، پرۆسه سه‌ربازييه‌كانيان به‌رده‌وام ده‌بن، بۆ ئه‌وه‌ى دووباره ده‌سه‌ڵاتى ده‌وڵه‌ت به‌سه‌ر ئه‌و ناوچانه‌دا بسه‌پێنێت.
سوپاى توركيا ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، رۆژى هه‌ينى رابردوو، فڕۆكه جه‌نگييه‌كانى له فڕۆكه‌خانه‌ى ئامه‌ده‌وه به مه‌به‌ستى بۆردومانكردنى باره‌گاكانى پارتى كرێكارانى كوردستان چوونه‌ته ئاسمانى عێراق.
گه‌ڕه‌كى سوور، له شارى ئامه‌د، له دوو هه‌فته‌ى رابردوودا بووه‌ته جێى گۆڕه‌پانى رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى هێزه ئه‌منييه‌كان و چالاكانى كورد.
ئۆپراسيۆنه‌كانى سووپاى توركيا بوونه‌ته هۆى ئاواره‌بوونى زياتر له 200 هه‌زار هاووڵاتى كورد و وێرانبوونى به‌شێكى زۆرى ژێرخانه‌ى ئه‌و شارانه‌ى شه‌ڕيان تێدا روويداوه.
ئاژانسى هه‌واڵده‌رى فرانس پرێس له‌و باره‌يه‌وه نووسيويه‌تى: ئه‌گه‌ر سه‌يرى شاره كوردييه‌كان بكه‌يت، سووريات بير ده‌كه‌وێته‌وه. چونكه له‌و شارانه هه‌موو شتێك وێران بووه. نه‌خۆشخانه و قوتابخانه‌كان و ماڵى هاووڵاتيان وێران بوون و داڕووخاوون.
وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده مامۆستاكانى له‌و شاره كوردييانه بانگكردووه‌ته‌وه و ساڵى خوێندنى په‌كخستووه. هه‌روه‌ها خزمه‌تگوزارى ته‌ندروستيش په‌كى كه‌وتووه و زۆربه‌ى پزيشكه‌كان ناوچه‌كه‌يان به‌جێهێشتووه.
ئه‌و ئاژانسه نووسيويه‌تى: به سه‌ركه‌وتنى پارتى دادوگه‌شه‌پێدان، جارێكى ديكه ره‌جه‌ب ته‌يب ئه‌ردۆغان، ده‌يه‌وێت به‌ڵێنى خۆى بۆ "ريشه‌كێشكردنى"ى پارتى كرێكارانى كوردستان بێنێته‌دى و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش پارتى كۆمه‌ڵگه‌ى ديموكراتى گه‌لان به لايه‌نگرى كردنى پارتى كرێكاران تۆمه‌تبار ده‌كات.