سهدان مین و پارچە تەقەمەنی لە ناودەبرێن
K24 – چۆمان:
بەڕێوبەرایەتی گشتی كاروباری مین له ھەولێر، زیاتر لە 600مین و پارچە تەقەمهنی لە سنوری شارۆچكەی چۆمانی ناوچەی باڵەكایەتی لە ناو برد.
زیبار خالید، بهرپرسى بەشی راگەیاندنی بەڕێوبەرایەتی گشتيی كاروباری مین له ھەولێر، تايبهت به ماڵپهڕى كوردستان 24، رايگەیاند، "تیمەكانی لە ناوبردنی مین و تەقەمەنی، 660 مینى جۆراوجۆر و پارچه تەقەمەنیان لە سنووری چۆمانی ناوچەی باڵەكایەتی تهقاندهوه.
گوتیشی: "ئەو مینانە لە جۆری (دژە كەسی، ساچمەدار، كڵپەدار) بوون و ھەروەھا تەقەمەنیەكان بریتی بوون لە (گولە ھاوەن، گولە تۆپ، گولە ئاربیجی، نارنجۆكی دەستيى) لەسەر رێگای سمێلان لە سنوری شارۆچكەی چۆمان لە لایەن تیمەكانی تایبەت بە تەقاندنەوە بە سەركەوتوويی لە چاڵێكدا تەقێنرانەوە.
لە سەردەمی رژێمی بەعسی روخاودا رێژەیەكی زۆری زەوی ناوچە سنوورییەكانی كوردستان مین رێژكراوە، ناوچەی باڵەكایەتیش بەھۆی ھاوسنووری لەگەڵ ئێران ژمارەیەكی زۆر مینی لێیە، گەلێك جاریش تەقینەوەی مینەكان گیان لە دەستدان و برینداربوونی ھاووڵاتیانی ئەو دەڤەرەی لێكەوتووتەوە.