خەوتن بە قژی تەڕەوە ئەو زیانانەی ھەیە

زۆربەمان لەسەر ئەو بڕوایەین، كە خەوتن بە قژی تەڕەوە زیانێكی ئەوتۆی نییە

K24 – هه‌ولێر:

زۆربەمان لەسەر ئەو بڕوایەین، كە خەوتن بە قژی تەڕەوە زیانێكی ئەوتۆی نییە. رەنگە بەڵگەیەكی روونیش بۆ تووشبوون بە نەخۆشییەكی دیار كە ھۆكارەكەی خەوتن بە قژی تەڕەوە بێت لەبەر دەست نەبێت.

بەڵام لەبەر سێ ھۆكاری سەرەكی، باشتروایە بەر لە خەوتن قژتان وشك بكەنەوە و ھەرگیز بە قژی تەڕ و خاوەوە نەخەون.

یەكەم: قژی تەڕ لە خەودا دەبێتە ھۆی سەرئێشەی تووند. پلەی گەرمی لەشی مرۆڤ لە خەودا بەرز دەبێتەوە، لەشیش كە گەرم داھات لەگەڵ شێی و نمەی قژ كۆدەبێتەوە و دەبێتە ھۆی تووشبوون بە سەرئێشەی تووند. قژی تەڕ ناھێڵێت، پلەی گەرمی سەر لەگەڵ پلەی گەرمی لەش ھاوسەنگ بێت، ھەر بۆیە لە نیوەشەودا سەرئێشەی تووند درووستدەبێت.

دووەم: ھەوكردن، سه‌رين ناوەندێكی باشە بۆ گەشەی باكتریا و لەبەر ئەوەی كە ئارەقەی لەش خانە مردووەكان و چەوری پێست رادەكێشێت، بۆیە قژی تەڕی سەر سه‌رينيش ناوەندێكی گونجاوە بۆ گەشەی باكتریای زیانبەخش.

سێیەم: ھۆكارە بۆ لاوازی قژ و دروستبوونی موخۆرە، قژی تەڕ ئەگەر زوو وشك نەكرێتەوە، دەبێتە ھۆی موخۆرە و لە گەشە دەوەستێت.