حكوومه‌تى هه‌رێم بڕياره "به جورئه‌ته‌كانى" ده‌ركردن
K24 – هه‌ولێر:
سه‌رۆكى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيرانى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى، له كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيراندا رايگه‌ياند، "هه‌رێمى كوردستان، له قه‌یرانێكى زۆر سه‌خت و گه‌وره‌ى داراییدایه، گه‌یشتووه‌ته ئاستێك ئیتر حكوومه‌ت ناچاره هه‌ندێ بڕیارى به جورئه‌ت بدا‌ت" له‌و چوارچێوه‌يه‌شدا ده‌رماڵه‌ى سێ سه‌رۆكايه‌تيه‌كه‌ى به رێژه‌ى له سه‌دا په‌نجا كه‌مكرده‌وه.
له دواى له كاردوورخستنه‌وه‌ى وه‌زيره‌كانى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان، كابينه‌ى حكومه‌تى هه‌رێم يه‌كه‌م كۆبوونه‌وه‌ى خۆى ئه‌نجامدا.
ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى كۆبوونه‌وه‌كه، تاوتوێكردنى رەوشی ناوچەكە و كەمكردنەوەی خەرجی دامودەزگا حكومیيەكان بوو.
له ئۆكتۆبه‌رى رابردوودا، پارتى ديموكراتى كوردستان رێككه‌وتنى حه‌ڤده‌ى نيسانى 2014ى له‌گه‌ڵ بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان هه‌ڵوه‌شانده‌وه و له‌سه‌ر بنه‌ماى ره‌وشى نوێى په‌يوه‌ندييه‌كانى نێوانيان، چوار وه‌زيرى بزوتنه‌وه‌ى گۆڕان له پۆسته‌كانيان دوورخرانه‌وه.
به بڕيارى سه‌رۆكى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، نێچيرڤان بارزانى، پۆسته به‌تاڵه‌كانى حكومه‌ت به شێوه‌ى وه‌كاله‌ت پڕكراونه‌ته‌وه.
ماڵپه‌ڕى حكومه‌ت راگه‌يه‌ندراوێكى له باره‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆى ئه‌نجومه‌نى وه‌زيران بڵاوكردووه‌ته‌وه.
له راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا، هاتووه: نێچيرڤان بارزانى رايگه‌ياندووه، "ئیدى حكوومه‌ت ناچاره هه‌ندێك بڕیارى به جورئه‌ت بدا‌ت و كۆمه‌ڵێك رێكارى جیا بگرێته به‌ر، به هه‌موو شێوه‌یه‌كیش كار بۆ زیادكرنى داهات و كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجییه‌كان بكات تا بتوانێت به‌رگه‌ى ئه‌نجامه‌كانى ئه‌م قه‌یرانه بگرێت، وه‌ك ڕێكخستنه‌وه‌ى سیسته‌م و كاراتركردنى كۆكردنه‌وه‌ى باجه‌كان و كه‌مكردنه‌وه‌ى ده‌رماڵه‌ى پله تایبه‌ته‌كان و چه‌ندین رێكارى دیكه، له‌گه‌ڵ پیاده‌كردنى به‌رنامه‌ى چاكسازیى دارایى كه ماوه‌یه‌كى درێژه حكوومه‌ت كارى بۆ ده‌كات".
له‌و چوارچێوه‌يه‌دا، ئه‌نجوومه‌نى وه‌زيران ژماره‌يه‌ك بڕيارى ده‌ركردن، كه بڕياره له سه‌ره‌تاى ساڵى داهاتوو بخرێنه بوارى جێبه‌جێكردنه‌وه:
بڕياره‌كان:
- خه‌رجكردنی ته‌نها ڕێژه‌ی 50%ی ده‌رماڵه‌ی پۆسته‌كانی به‌ڕێزان سه‌رۆكی هه‌رێم و جێگره‌كه‌ی و سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و جێگره‌كه‌ی و وه‌زیره‌كان و ئه‌وانه‌ی به پله‌ی ئه‌وانن و ئه‌وانه‌ی مووچه‌ی وه‌زیر و وه‌كیلی وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن و ئه‌وانه‌ی به پله‌ی ئه‌وانن و ڕاوێژكاران و خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان له گشت دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به سه‌رۆك و جێگران و ئه‌ندامانی ئه‌نجومه‌نی دادوه‌ری و دادگای پێداچوونه‌وه (تمییز)ى هه‌رێمی كوردستان و دادوه‌ره‌كان و ئه‌ندامانی داواكاری گشتییه‌وه، جگه له‌م ڕێژه‌یه‌ش هیچ جۆره ده‌رماڵه‌یه‌كی دیكه‌یان بۆ خه‌رج ناكرێت.
- ڕاگرتنی ڕێژه‌ی (100%)ی ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت به پۆسته‌كانی به‌ڕێزان سه‌رۆكی په‌رله‌مان، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، سكرتێری په‌رله‌مان و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان.
- كه‌مكردنه‌وه‌ى ڕێژه‌ی (30%)ی ده‌رماڵه‌ی تایبه‌ت به پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و ئه‌وانه‌ی له‌و پله‌یه‌دان و ئه‌وانه‌ی مووچه و ده‌رماڵه‌ی به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی وه‌رده‌گرن.
- پێویسته مووچه‌ی خانه‌نشینكراوانى پله باڵا و تایبه‌ته‌كان و مووچه‌ی ئه‌وانه‌شیان كه دوای ده‌رچوونی ئه‌م بڕیاره خانه‌نشین ده‌بن به هه‌مان ڕێژه ڕێكبخرێته‌وه و ڕاگرتنه‌كانی ده‌رماڵه‌كانی ئاماژه‌پێدراو له كاتی ده‌ستنیشانكردنی مووچه‌ی خانه‌نشینیان و به شێوه‌ی پاشه‌كه‌وت بۆیان تۆمار ده‌كرێت تا ده‌رچوونی یاسایه‌كی نوێی تایبه‌ت به ڕێكخستنه‌وه‌ی مووچه‌ی خانه‌نشینییان.
- ڕاگرتنی خه‌رجكردنی سه‌رجه‌م ئه‌و ده‌رماڵانه‌ی ده‌درێن به خاوه‌ن پله تایبه‌ته‌كان و به‌ڕێوه‌به‌ره گشتییه‌كان و سه‌رۆكی یه‌كه ئیدارییه‌كان، وه‌ك پارێزگار و جێگرى پارێزگار و قائمقام و به‌رێوه‌به‌رى ناحیه كه (معوم)ن له‌سه‌ر میلاكی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان و ته‌نها مووچه‌ی بنه‌ڕه‌تیی ئه‌و ناونیشانه وه‌زیفانه‌یان بۆ خه‌رج ده‌كرێت.
- كاركردن به‌هه‌ردوو یاساى خزمه‌تى شارستانى و یاساى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و كه‌رتى گشتیى تایبه‌ت به مه‌رجه‌كانى پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ی فه‌رمانبه‌ران له به‌رواری 1/1/2016ه‌وه تاوه‌كو په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی هه‌رێمی كوردستان بۆ ساڵی 2016.
- كۆكردنه‌وه‌ی زانیاریی ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ی كه سوودمه‌ندن له وه‌رگرتنی مووچه‌ی تایبه‌ت و هاوكاریی چاودێریی كۆمه‌ڵایه‌تی و بیمه‌كان و پۆلێنكردنیان له‌سه‌ر بنه‌مای چین و توێژه جیاجیاكان و ده‌ستنیشانكردنی ئه‌و بڕه پاره جیاوازانه‌ی كه وه‌كو هاوكاریی چاودێریی خێزان و كه‌مئه‌ندام وه‌ریده‌گرن، دواتر ئه‌و زانیارییانه له‌گه‌ڵ پێشنیاری پێویست سه‌باره‌ت به ڕێكخستنه‌وه‌ی ئه‌م بابه‌ته ده‌خه‌نه‌وه به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵای دارایی به مه‌رجێك پێشنیاره‌كان ڕێنمایی و مه‌رج و پێوه‌ری پێویست له‌خۆ بگرێت.
- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی چاوخشاندنه‌وه به پێشینه‌ی سه‌رجه‌م وه‌زاره‌ت و داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی ناهه‌مواری دارایی و سنوورداریی سه‌رچاوه‌ی داهاته‌كان، دواتر لیژنه‌كه به ڕاپۆرتێك لیژنه‌ی باڵای دارایی له پێشنیاره‌كانی ئاگادارده‌كاته‌وه له‌گه‌ڵ ڕه‌چاوكردنی سروشتی كار و چالاكیی ئه‌و وه‌زاره‌ت و داموده‌زگایانه‌ی كه خزمه‌تگوزاریی ئاسایش و به‌رگری و ته‌ندروستی و كاره‌با و شاره‌وانی پێشكه‌ش ده‌كه‌ن، به مه‌رجێك لیژنه‌كه خشته‌یه‌ك ئاماده بكات كه ڕێژه‌ى پێشینه له‌خۆ بگرێت له پێش و له دوای چاوخشاندنه‌وه.
- پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك به‌مه‌به‌ستی دیراسه‌كردنی پڕۆژه‌ی چاوخشاندنه‌وه و چاكسازی له هه‌یكه‌لیه‌تی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و پێكهاته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كان و داموده‌زگا حكوومییه‌كان به ڕه‌چاوكردنی بارودۆخی داراییی هه‌رێم و به‌رجه‌سته‌كردنی ته‌رشیقكردنی دامه‌زراوه گشتییه‌كانی هه‌رێم و كه‌مكردنه‌وه‌ی خه‌رجییه‌كان و دواتر ئه‌م لیژنه‌یه به ڕاپۆرتێك ڕا و سه‌رنج و پێشنیازه‌كانی خۆیان ده‌خه‌نه به‌رده‌م لیژنه‌ی باڵای دارایی.
- ڕاگرتنی خه‌رجكردنی ڕه‌سم و كرێی كاره‌با و موه‌لیده و خزمه‌تگوزاریی مانگانه له بودجه‌ی گشتیی تایبه‌ت به سه‌رجه‌م ئه‌و پله باڵایانه‌ی كه له خانوو و كۆمه‌ڵگه‌ی نیشته‌جێن له گشت داموده‌زگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌بێ جیاوازی. خه‌رجكردنی له دوای (1/1/2016)ه‌وه له ئه‌ستۆی نیشته‌جێبووان خۆیان ده‌بێت.
- ڕاگرتنی كاركردن به ڕێنماییه داراییه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووریی تایبه‌ت به جێبه‌جێكردنی مادده‌ی (13) له یاسای (مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى ده‌وڵه‌ت و كه‌رتى گشتى) ژماره (22)ی ساڵی 2008 تایبه‌ت به ده‌سه‌ڵاتی به‌خشینی ده‌رماڵه‌ی مه‌ترسی له‌لایه‌ن وه‌زیره‌كان و سه‌رۆكی لایه‌نه‌كانی نه‌به‌ستراو به وه‌زاره‌ته‌وه و ئه‌و ده‌سه‌ڵاته ته‌نها له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه پیاده ده‌كرێت.