باڵوێزی سعودییە لە تاران دەستبەکار دەبێ

K24

حوسێن جابر ئەنساریی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، رایگەیاند لە زوترین كاتدا باڵوێزی نوێی سعودییە لە تاران دەستبەكار دەبێ.

حوسێن جابر ئەنساریی راشیگەیاند: "لێكۆڵینەوەكان لەبارەی باڵوێزی کاندیدکراوی ریاز ئەنجامدراون و ئێستا ئێران ئامادەیە پێشنیازە نوێیەكانی بۆ كاڵكردنەوەی كێشەكانی لەگەڵ سعودییە پێشكەش بكات، كە ھەمووان لە بەرژەوەندیی چارەسەركردنی قەیرانەكانی ناوچەكە دان".

پێشتر حەسەن قەشقایی، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران، گوتبووی: سعودییە بە نیازە باڵوێزیكی نوێ لە تاران کاندید بكات، ئاماژەشی کرد کە: گفتوگۆی نێوان هەردوو وڵات سەبارەت بە پەیوەندییەكانی نێوانیان و تاوتوێكردنی قەیرانی ناوچەكە دەستیپێكردووە.

دیاریكردنی باڵوێزی نوێی سعودییە لە ئێران ئاماژەیە بۆ كاڵبوونەوەی گرژییەكانی نێوان ئەو دوو وڵاتە.

عەبدولڕەحمان غرمان شەھریی، باڵوێزی سعودییە لە تاران لە ناوەڕاستی ساڵی 2014 لە لایەن وڵاتەكەیەوە بانگهێشت كرایەوە و نە گەڕایەوە ئێران.

حوسێن ئەمیر عەبدوڵڵاھیان، جێگری كاروباری عەرەبیی لە وەزارەتی دەرەوەی ئێران، ھۆكاری بانگێشتكردنەوەی باڵوێزەی سعودییەی لە لایەن وڵاتەكەیەوە بۆ ئەوە گەڕاندەوە گوایە باڵوێزەکە لە دیدارێكیاندا نێوچاوانی ھاشمی رەفسەنجانیی ماچ كردبوو.

بەگوێرەی قسەی عەبدوڵڵاھیان ماچكردنی نێوچاوانی ھاشمی رەفسەنجانی، سەرۆكی ئەنجوومەنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئێران لە لایەن باڵوێزی سعوودییەوە دژی پڕۆتۆكۆلە فەرمییەكانی سعودییەیە.