دوو كەس لە هەولێر ژنێك بۆ زێڕ دەخنكێنن

"ئەو دوو تۆمەتبارانە لە لێكۆڵینەوەكەدا دانیان بەوەداناوە كە بۆ زێڕ ئەو ژنەیان كوشتووە“
kurdistan24.net

K24- ھەولێر

بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتێژیی دژی ئافرەتان لە ھەولێر رایگەیاند دوو تۆمەتباریان دەستگیركردوون كە ژنێكیان لە هەولێر بۆ زێڕ خنكاندووە.

رێباز زیوەر مستەفا، گوتەبێژی بەرێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتێژیی دژی ئافرەتان لە ھەولێر بە (كوردستان24)ی راگەیاند: "دوو تۆمەتبار بە كوشتنی ئەو ژنەی كە ماوەیەك لەمەوبەر لە گەڕەكی ئاشتیی شارۆچكەی خەبات لە سنووری پارێزگای ھەولێر كوژرا، دەستگیرکراون".

رێباز زیوەر مستەفا گوتیشی: "ئەو دوو تۆمەتبارانە لە لێكۆڵینەوەكەدا دانیان بەوەداناوە كە بۆ زێڕ ئەو ژنەیان كوشتووە، یەكێك لە تۆمەتبارەكان درواسێی ماڵی ئەو ژنە بووە، لەو كاتە ژنەكە لەسەربانی ماڵەكەیان بووە و بنیویانە زێڕی پۆشیوە چوونەتە سەربانەكە و بە كێبڵی كارەبا خنكاندوویانە، دواتر زێڕەكەیان فرۆشتووە و پارەکەیان دابەشكردووە".