لە ئێران ھاوسەرگیریی كاتیی (سیغە) رووی لە زیادبوونە

چاڵاكوانانی مافەكانی ژنان ھاوسەرگیریی كاتیی بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتیی دەزانن

K24

شیرین ئەحمەدنیا، بەڕێوەبەری ناوەندی رێگەگرن لە کێشە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران رایگەیاند پێكھاتەی كۆمەڵایەتیی لە ئێران گۆڕاوە و لە بەرامبەر پێکهێنانی 10 ژیانی هاوسەرگیریی دوو ھاوسەرگیریی كاتیی (سیغە) پێکدەهێنرێن.

شیرین ئەحمەدنیا راشیگەیاند کە: شێوازی ژیانی خێزان لە ئێران گۆڕاوە و كوڕ و كچە گەنجەكان روویان لە رەفتارە مەترسیدارەكان كردووە. بە گوتەی ئەو بەرپرسە: پەیوەندیی سێكسی بەشێكی گرینگە لە تەندرووستیی كۆمەڵایەتیی.

بەڕێوەبەری ناوەندی رێگەگرن لە کێشە كۆمەڵایەتییەكانی ئێران گوتیشی: بارودۆخی كولتووریی و ئایینیی لە ئێران وایكردووە بەشێكی زۆر لە گەنجەكانی ئەم وڵاتە كە بە ھۆكارە جیاوازەكانی ئابووریی و كۆمەڵایەتیی و سیاسیی توانای ھاوسەرگیریان نییە، روو لە ھاوسەرگیریی كاتیی یان سیغە بکەن.

موسوڵمانانی شیعە مەزھەب هاوسەرگیریی سیغە بە رێگایەكی باش بۆ تێرکردنی ئارەزووی سێكسی دەزانن، جیاوازیی ئەو ھاوسەرگیرییە لەوەدایە کە بە پێچەوانەی هاوسەرگیریی هەمیشەیی، سیغە هەمیشەیی نییە و لەگەڵ کۆتاییهاتنی وادەی گرێبەستی نێوان هاوسەرەکان هاوسەرگیرییەکە کۆتایی دێت.

ھاوكات چاڵاكوانانی مافەكانی ژنان ھاوسەرگیریی كاتیی بە سەرچاوەی بڵاوبوونەوەی بەدڕەوشتیی دەزانن و دەڵێن: سیغە لە ژێر ناوی ئیسلام توندوتیژیی سێكسی بە یاسایی دەكات.

بەڕێوەبەری ناوەندی رێگەگرتن لە کێشە كۆمەڵایەتییەكان لە ئێران دەشڵێ:  ئێستا 11 ملیۆن گەنج لە ئێران ھەن كە ھاوسەرگیریان نەكردووە، ھاوكات ملێۆنێك و 300 ھەزار سەڵتیش لە ئێران ھەن كە تەمەنی ھاوسەرگیریان تێپەڕاندووە.