خوێندنى باڵا: خوێندکارە ناڕازییەکانی کۆیە دووبارە دابەشدەکرێنەوە

ژمارەیەك قوتابیی كە ناویان لە کۆلێژى یاساى ئێوارانى کۆیە دەرچووە ناڕازین و رایانگەیاندووە ناتوانن لەو زانكۆیە دەوام بكەن

K24- ھەولێر

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی رایگەیاند ئەو قوتابی و خوێندكارانەی لە کۆلێژى یاساى ئێوارانى کۆیە وەرگیراون و ناڕازین, دووبارە بەسەر شوێنەكانی دیكە دابەش دەکرێنەوە.

عەباس ئەکرەم، گوتەبێژى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستىی هەرێمی کوردستان بە (كوردستان24)ی راگەیاند: وەزارەتى خوێندنى باڵا دەرفەتی داوە بەسەرجەم ئەو خوێندکارانەى کە ناڕازین لەسەر ئەو بەشەی کە ناویان تێدا هاتووتەوە بەهۆی ئەوەی فۆڕمى بەهەڵە پڕكردووەتەوە، رەزامەندیی وەرگیراوە کە بەپێى کۆنمرەکانیان دووبارە بەسەر شوێنى گونجا و دابەش بکرێنەوە, بەو مەرجەى لە ماوەى ئەم هەفتەدا لە لایەن زانکۆى کۆیە داخوازییەکانیان بگاتە وەزارەت".

عەباس ئەکرەم گوتیشی: "هەموو ئەو خوێندکار و قوتابیانەى (زانکۆلاین)یان پڕکردووەتەوە بۆ بەشى یاسای ئێواران لە زانکۆى کۆیە، ئاگاداربوون لەوەى کە خوێندن لەو کۆلێژە ئێوارانە، چونکە لە رێبەرى وەرگرتندا ئاماژەى بۆ ئەوە کراوە، لەهەمانکاتدا وەک ساڵانى پێشوترى زانکۆکان دەوامى ئێوارانیان هەبووە خوێندن بەپارە بووە. بەهەمان شێوە لە کۆلێژى یاسای ئێواران لە زانکۆى کۆیە خوێندن بە پارەیە".

چەند رۆژێكە ژمارەیەك قوتابیی كە ناویان لە کۆلێژى یاساى ئێوارانى کۆیە دەرچووە ناڕازین و رایانگەیاندووە ناتوانن لەو زانكۆیە دەوام بكەن، بۆیە وەزارەتی خوێندنی باڵا بڕیاریدا بە دواداچوون بۆ داوارییەكەیان بكات.