راگەیاندنی ئێران رێگە لە بڵاوبوونەوەی گوتووێژێكی وەزیری دەرەوەی ئێران دەگرن

بەرپرسە باڵاكانی ناوەندی راگەیاندنی ئێران رێگە لە بڵاوبوونەوەی گوتووێژێکی میدیای ئێران لەگەڵ محەممەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگرن.

بەرپرسە باڵاكانی ناوەندی راگەیاندنی ئێران رێگە لە بڵاوبوونەوەی گوتووێژێکی میدیای ئێران لەگەڵ محەممەد جواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئەو وڵاتە دەگرن.

عادل فێردۆسیپور، ئامادەكار و پێشكەشكاری بەرنامەیەكی وەرزشییە لە تەلەفزیۆنێکی فەرمیی ئێران، شەوی رابردوو لە بەرنامەیەكی راستەوخۆدا رایگەیاند: "بەرپرسە باڵاكانی ناوەندی راگەیاندنی ئێران رێگەیان لە بڵاوبوونەوەی گوتووێژێكی من لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوە گرت، كە تایبەت بوو بە دیپلۆماتی وەرزش".

ئەو میدیاكارە ئێرانییە پێشتر رایگەیاندبوو كە: گوتووێژیكی تایبەتی لەگەڵ محەممەد جەواد زەریف، وەزیری دەرەوەی ئێران سەبارەت بە دیپلۆماتی وەرزشی ئەنجامداوە، كە بڕیارە شەوی یەڵدا بڵاوبكرێتەوە.

عادل فێردۆسیپورمیدیاكاری ئێرانیی دوای "رێگریی بەرپرسانی راگەیاندن"، لە بڵاوبوونەوەی گوتووێژەكەی لەگەڵ وەزیری دەرەوە، داوای لێبوردنی لە بینەران و وەزیری دەرەوەی ئێران كرد، بەڵام باسی ھۆكاری ئەو رێگرییەی نەكرد.

 بەرپرسانی ناوەندی راگەیاندنی ئێرانیش تا ئێستا ھۆكاری رێگەگرتنییان لە بڵاوبوونەوەی ئەو گوتووێژە رانەگەیاندووە، بەڵام ھەندێك سەرچاوە كە نایانەوێ ناویان ئاشكرا بكرێت، گوتوویانە: لەبەر ئەوەی ئەو میدیاكارە ئێرانییە بە نیازە خۆی بۆ ئەنجوومەنی شورای ئیسلامیی كاندید بكات، بەرپرسانی ئەو ناوەندە رێگریان لە بڵاوبوونەوەی ئەو گوتووێژە گرتووە، چونكە بە پڕوپاگەندی ھەڵبژاردن ھەژمار دەكرێت.