رۆیته‌رز: په‌نابه‌ره سوورییه‌كان له لوبنان خه‌ریكی چاندنی حه‌شیشن
K24 - هه‌ولێر:
به گوێره‌ی راپۆرتی ئاژانسی هه‌واڵی رۆیته‌رز، له ده‌شتی بیقاعى لوبنان، رووبه‌رێكی زۆری زه‌وی به تریاك و حه‌شیش چێندراوه.
ئاژانسه‌كه بڵاویكردووه‌ته‌وه، بنه‌ماڵه‌یه‌كی به ره‌چه‌ڵه‌ك سووری، كه له ره‌ققه‌وه هه‌ڵاتوونه و خۆیان گه‌یاندووه‌ته ناوچه‌ی بیقاع له لوبنان و له‌گه‌ڵ گه‌یشتینیشان ده‌ستیانكردووه به چاندنی تریاك.
ئه‌و بنه‌ماڵه‌یه‌كه له نزیكه‌ی 25 ئه‌ندام پێكهاتووه و پێشتریش له سووریا هه‌مان كارییان ئه‌نجامداوه.
به گوێره‌ی گوته‌ی یه‌كێك له‌وان، كه ئاژانسه‌كه ناوه‌كه‌ی ئاشكرا نه‌كردووه، راگه‌یاندووه، ئه‌وان له ترسی داعش ره‌ققه‌یان جێهیشتووه و ئێستا له‌وێ گیرساونه‌ته‌وه.
په‌نابه‌ران كه پێشتریش له سووریا ئه‌و كاره‌یان كردووه ده‌ڵێن: "كاره‌كه له سووریا مه‌ترسی زۆری له‌سه‌ر، ئه‌گه‌ر ئاشكرا ببایه ره‌نگه ئێمه‌یان كوشتبا و سه‌ریان بڕیباین، چونكه بازرگانیكردن به كهوول و تریاك قه‌ده‌غه‌ن".
یه‌كێكی دیكه له كرێكاران، كه ژنێكی سووریه و له ره‌ققه هاتووه، ده‌ڵێت: "دانیشتووانی لادێكانی لوبنان، به ئێمه ده‌ڵێن داعش، چونكه ئێمه له ره‌ققه‌وه هاتووین و شاره‌كه‌مان بووه‌ته پایته‌ختی داعش".
راشیگه‌یاندووه، لوبنانییه‌كان خۆیان له مامه‌ڵه‌كردن له‌گه‌ڵ په‌نابه‌ره سوورییه‌كان ده‌پارێزن، به‌تایبه‌تیش ئه‌وانه‌ی له ره‌ققه‌وه هاتوونه.
هه‌رچه‌نده یاسای لوبنان رێگا به چاندنی حه‌شیش نادات و له‌و وڵاته قه‌ده‌غه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی قازانجه زۆره‌كه‌ی، ئه‌وانه‌ی فێری بوونه ناتوانن ده‌ستبه‌رداری بن.
شه‌ریف یه‌كێكه له‌و خاوه‌نكارانه‌ی كه رووبه‌رێكی زه‌وی گه‌وره‌ی هه‌یه و ده‌ڵێت: "هه‌ر كارێك بكه‌ی له لوبنان، مانگانه 7 سه‌د دۆلار زیاترت ده‌ستناكه‌وێت، به‌ڵام ئه‌و كاره‌ی ئێستا رۆژانه 10 هه‌زار دۆلار په‌یدا ده‌كات".
ژنه په‌نابه‌ره سووريیه به‌بێ ئه‌وه‌ی ورده‌كاری گه‌یشتی به لوبنان باس بكات ده‌ڵێت: "هه‌ڵاتنمان له ره‌ققه كارێكی سه‌ختبوو، من له ره‌ققه خاوه‌ن نزیكه‌ی 17 دۆنم زه‌وی بووم و خه‌ریكی كشتوكاڵی لۆكه بووین، به‌ڵام ئێستا به ناچاری ئه‌و كاره ده‌كه‌م، بۆ ئه‌وه‌ی بتوانم هه‌ندێك پاره به هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌م له ره‌ققه بنێرم".
هه‌روه‌ها راشیگه‌یاند، كه هه‌موو خواستی ئه‌و، هێنانی هاوسه‌ر و منداڵه‌كه‌یه‌تی بۆ لای خۆی.