رێباز بێركۆتى: سوكایەتیكردن بە ئاڵا لە ھیچ كەس قبوڵناكرێت

لەگەڵ پارتی گەیشتبووینە ئەنجامێكی باش بەڵام ئەو بارودۆخەی بەسەرداھات.

K24 – هه‌ولێر:

سەرۆكی فراكسیۆنی یەكێتی نيشتيمانى كوردستان لە پارێزگای ھەولێر، رێباز بێركۆتى، رايگه‌ياند، سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان لە كەس قبوڵناكرێت.

لە میانی بەشداریكردنی لە گه‌شتى ھەواڵەكانی كوردستان24دا، رێباز بێركۆتی،  رایگەیاند، "سوكایەتیكردن بە ئاڵای كوردستان لە كەس قبوڵناكرێت".

سه‌رۆكى فراكسيۆنى يه‌كێتى نيشتيمانى كوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى هه‌ولێر، ره‌خنه‌ى لە كادیر و ئەندامانی حزبەكەی گرت، سه‌باره‌ت به‌ پشتیوانیكردنيان لە ھەندێك ھەڵوێستی پەكەكە و پەیەدە.

ئه‌و له‌و باره‌يه‌وه‌ گوتى: "گلەیم لە چەند ھەڤاڵێكی خۆم كردووە، پێویست ناكات بە شان و باڵی لایەنی دیكەی دەرەوەی ھەرێمی كوردستاندا ھەڵبڵێن و پشت لە حزبەكەیان بكەن، بكەنە سەرەڕاى رێزمان بۆ خەبات و تێكۆشانیان".

گوتیشی: "پاراستنی ئاڵای كوردستان ھەر پارتی ديموكراتى كوردستان لێی بەرپرس نیە، بەڵكو یەكێتی و ھەموو حزبەكانی دیكەی كوردستان لێی بەرپرسن، بۆیە ئەگەر تێگەیشتنی ھەڵە ھەبێت پێویستە ئەو ھەڤاڵانە و شەقامی كوردی راستی بكەنەوە، خەڵكی كوردستان قوربانی زۆری لەپێناو ئاڵاكەی داوە ئێستاش كە پێشمەرگەیەك شەھید دەبێت به‌ ئاڵای كوردستان ته‌رمه‌كه‌ى داده‌پۆشرێت".

لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا لە بارەی بەشداریكردن و وەرگرتنی پۆستەكانیان لە ئەنجوومەنی پارێزگای ھەولێر رێباز بێركۆتی گوتى: "لە گفتوگۆكاندا نەگەیشتینە ئەنجام، بەڵام ھەموومان تەقدیری ئەو بارودۆخەی كوردستانمان كردووە، مافی خۆمانە داوای ئیستحقاقی خۆمان بكەین، بەڵام لەگەڵ پارتی دیموكراتی كوردستان گەیشتبووینە ئەنجامێكی باش بەڵام ئەو باردوخەی بەسەردا ھات".

رێباز بێركۆتى، دوێنێ له‌ لاپه‌ڕه‌ى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى فه‌يسبووك، وتارێكى بڵاوكردبوويه‌وه‌ و تێيدا ئه‌و ئه‌ندامانه‌ى يه‌كێتى كه‌ پشتيوانى له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى په‌يه‌ده‌ و په‌كه‌كه‌ ده‌كه‌ن له‌ دژى هه‌رێمى كوردستان، به‌ نه‌بوونى "ناسنامه‌" وه‌سفيكردبوون و له‌ ژێر ناونيشانى "كاتێك كه‌سێكى سياسى ناسنامه‌ى خۆى بزر ده‌كات"، نووسى بووى: "هه‌ندێك خه‌ڵكى ئێمه‌ له‌ روانگه‌ى راى تايبه‌تى خۆى يان له‌ رقى به‌رامبه‌ره‌كه‌ى سه‌رزمان و بن زمانى بووه‌ته‌ پياهه‌ڵدانى په‌كه‌كه‌ و هه‌ده‌په‌ و په‌يه‌ده‌".

هه‌روه‌ها نووسيى بووى: "سياسه‌تكردن به‌ رق و كينه‌ ره‌هه‌ندى زاتى ده‌بێت و نه‌وزوعييانه‌ نابێت و له‌ رووى كارى رێكخراوه‌يى و فيكر و فه‌لسه‌فه‌وه‌ ئه‌و كه‌سه‌ ناسنامه‌ى خۆى ون ده‌كات و گومڕا ده‌بێت و له‌ وه‌هم و سه‌رلێشێواوى ده‌ژييت".