ئێران دهيهوێت زيندانى ئێڤین بڕووخێنێت و چالاكانيش دژى دهوهستنهوه
K24 – تاران:
ژمارەیەك لە زیندانیانی سیاسی، بنهماڵهى لەسێدارەدراوەكان، چالاكانی سیاسی، كۆمەڵایەتی لە نامەیەكدا بۆ، سكرتێری رێكخراوی یونسكۆ، ئیرینا بوكووا، داوایانكردووە، رێگە لە رووخاندنی زیندانى ئێڤین، لەلایهن كۆماری ئیسلامی ئێرانەوە بگرێت.
لەو نامەیەدا كە بەناوی "ھۆشیاران" ئاراستەی سكرتێری گشتی رێكخراوی یونسكۆ كراوە، تێيدا رايانگهياندووه، "پاراستنی زیندانی ئێڤین، رەنگە بەرگری لە دووبارەبوونەوەی كارەساتێكی دیكە، لە ولاتێكی پڕ كارەساتی وەك ئێران بگرێت".
ههروهها گوتوویانە: " داواكارین ھەوڵی جدی بۆ پاراستنی زیندانی ئێڤین بدرێت بۆ ئەوەی وەكو میراتێك بۆ نەوەكانی داھاتووی ئێران بمێنێتەوە و ئەوان دادوەری بكەن و بزانن، كە دەسەڵاتدارانی كۆماری ئیسلامی چۆن مافەكانی مرۆڤیان پێشێلكردووە. نەھێڵن ئەمجارەش كۆماری ئیسلامی بیرەوەریەكی مێژوو بكوژێت".
لە نامەكەدا ھاتووە، "ھەر سووچێكی ئەو زیندان بەڵگە و ئادگاری وەرزێكی رەشە لە مێژووی وڵاتی ئێران، بە ھەزاران كەس لەو زیندانە حوكمی له سێدارەیان بۆ دەرچووە، سەرەڕای ئەوە كە ئەو زیندان بووەتە ھۆی نووسینی دەیان كتێب بەدەستی ئەو زیندانیانەی كە بەشێكی زۆر لە تەمەنی خۆیان لە ژوورە تاریكەكانی ئەو زیندانە بەسەر بردووە".
ههروهها هاتووه: "یەكەمجار نییە دهسهڵاتدارانى ئێران ھەوڵی سڕینەوەی مێژووی رەشی خۆى دهدات، زیندانی گەوھەردەشت ساڵی 1988 بە ھەزاران كەسی تێدا لەسێدارە دراوه، دواتر بۆ سڕینەوەی بیرەوەرییەكانی ئەو زیندانە ناوی گەوھەردەشتيان گۆڕی بۆ زيندانى رەجایی شار".
ئێران به يهكێك لهو وڵاتانه ههژماردهكرێت، كه سزاى لهسێدارهدان به شێوهيهكى ئاشكرا جێبهجێدهكات.