ئيتاڵيا: خۆشحاڵين له‌گه‌ڵ بارزانييدا هاوپه‌يمانيين

بارزانى: پێويسته‌ لە رووی فکری و ئابووریيەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت

K24 – هه‌ولێر:

بارزانى: پێويسته‌ لە رووی فکری و ئابووریيەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، مه‌سعوود بارزانى، رايگه‌ياند، نه‌ك ته‌نيا له‌ رووى سه‌ربازييه‌وه‌، به‌ڵكو پێويستيشه‌ له‌ رووى فيكرى و ئابوورييه‌وه‌ شه‌رى تيرۆريستانى داعش بكرێت.

ديوانى سه‌رۆكايه‌تى هه‌رێمى كوردستان، له‌ راگه‌يه‌ندراوێكدا كه‌ وێنه‌يه‌كى بۆ ماڵپه‌ڕى كوردستان24 نێردراوه‌، ناوه‌ڕۆكى كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مڕۆى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و شاندنى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵياى خستووه‌ته‌ڕوو.

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا خۆشحاڵی خۆی به‌و دیداره‌ و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان ئیتاڵیا و هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕیوه‌ و پێزانینی بۆ خۆڕاگری و خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان هەبووه‌.

هه‌روه‌ها هاتووه‌:  "هەروەها وێڕای پیرۆزبایی لە سەركەوتنەكانی پێشمەرگە، ستاییشی رۆڵی پێشمەرگە لە رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان كرد و  سەرەخۆشیشی لە سەرۆك بارزانی و كەسوكاری ئەو پێشمەرگانە كرد كە لە شەڕی دژی تیرۆریستاندا گیانی خۆیان بەخت كردووە و شەهید بوونە و هیوای چاکبوونەوەی بۆ بریندارەکان خواست".

له‌ به‌شێكى ديكه‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌دا هاتووه‌: "سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا رۆڵی سەرۆك بارزانی لە سەركردایەتیكردنی دۆخەكە و شەڕی داعش و دروستكردنی سەقامگیری بەرز نرخاند و رایگەیاند کە بەڕێزیان لای ئێمە پێگەیەکی زۆر بەهێزی هەیە و سەرکردەیەکن کە خزمەتی هەموو مرۆڤایەتی دەکات و گەل و حکوومەتی ئیتاڵیا خۆشحاڵن لەگەڵ سەرۆک بارزانی هاوکار و هاوسەنگەر بن دژی تیرۆریستان".

سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا ئەوەشی گوتوه‌: "ئیتاڵیا جگە لە بواری هاوکاریی سەربازیی بۆ رووبەڕووبوونەوەی تیرۆریستان، حەز دەکات لەهەموو بوارەکاندا پەیوەندییەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان زیاتر پەرە پێ بدات، بەتایبەتی لەبوارەکانی شوێنەوار و تەندروستی و خوێندنی باڵا و یارمەتیدانی ئاوارەکان، کاری جیددیش دەکەن بۆ ئەوەی  پشتیوانیی زیاتر بۆ هەرێمی کوردستان دەستەبەر بکەن، کردنەوەی کونسوڵگەریی وڵاتەکەشی لەهەولێر وەک بەڵگەی ئەو خواستە نیشان دا".

به‌ گوێره‌ى راگه‌يه‌ندراوه‌كه‌، له‌و كۆبوونه‌وه‌يه‌دا، بارزانى "باری قورسی شەڕی داعش بەر گەلی كوردستان كەوتووە، بەڵام گەلی كوردستان خۆڕاگر بوو و پێشمەرگەیش ئەفسانەی داعشی شكاند".

ئاماژه‌شى بۆ ئه‌وه‌ كرد، "تیرۆر هەڕەشەیەكی جدییە و پێویستە جگە لە بەرەی سەربازی لە رووی فکری و ئابوورییشەوە شەڕی تیرۆریستان بکرێت".

شانده‌كه‌ى ئه‌نجوومه‌نى پيرانى ئيتاڵيا پێكهاتبوو له‌ پێترۆ گراسۆ سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی پیرانی ئیتاڵیا و مارکۆ کارنێلۆس باڵیۆزی ئیتاڵیا لە عێراق و دکتۆر ئەلێساندرا دێ پیپۆ کونسوڵی ئیتاڵیا لە هەولێر و ژمارەیەک دیپلۆماتکار و راوێژکار.