هه‌ولێر.. یادی مه‌ولوودی په‌یامبه‌ری ئیسلام ده‌كرێته‌وه‌

له‌شاری هه‌ولێر یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) به‌رز راگیراوه‌

K24 - هه‌ولێر:

قه‌ڵای هه‌ولێر كه‌ یه‌كێكه‌ له‌ شوێنه‌واره‌ دێرینه‌كانی جیهان و له‌كۆنه‌وه‌ خه‌ڵكی تێدا نیشته‌جێ بووه‌و ئاوه‌دان بووه‌، له‌دوای هاتنی ئایینی ئیسلام له‌كورده‌واری و له‌شاری هه‌ولێر یادی له‌دایكبوونی پێغه‌مبه‌ری ئیسلام (د.خ) به‌رز راگیراوه‌.

قه‌ڵای هه‌ولێر له ‌سه‌نته‌ری شاره‌كه‌ دێرینترین شوێنه‌ كه‌ ئه‌و بۆنه‌ ئایینییانه‌ی تێدا به‌ڕێوه‌چووه‌ و دابه‌شكردنی شیرینی له‌كۆنه‌وه‌ وه‌كو نه‌ریت پارێزراوه‌.

مزگه‌وتی قه‌ڵا یه‌كێكه‌ له‌ مزگه‌وته‌ دێرینه‌كان و ساڵانێكی زۆر (مه‌لا فه‌ندی) كه‌سایه‌تی ئایینی شاری هه‌ولێر له‌و مزگه‌وته‌ پێشنوێژو وتارخوێن بووه‌ و مه‌ولوودنامه‌ی به‌زمانی كوردی نووسیوه‌. 

مێژووی مه‌ولوود، ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ سه‌رده‌می سوڵتان موزه‌فه‌ره‌ددینی كۆكبری و له‌سه‌رده‌می ئه‌ودا، بۆ یه‌كه‌مجار یادی له‌دایكبوونی په‌یامبه‌ری ئیسلام كراوه‌ته‌وه‌ و به‌ بۆنه‌یه‌وه‌ مه‌ولوودنامه‌ خوێندراوه‌ته‌وه‌.