"ئه‌گه‌ر به‌غدا چه‌ك به‌ په‌كه‌كه‌ بدات ئه‌وا نانەوەی ئاژاوەیە"

دەستوەردانە لە كاروباری وڵاتێكی دیكە و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان

K24 – هه‌ولێر:

 عەلی حوسێن، ئەندامی ئەنجوومەنی سەركردەیەتی پارتی دیموكراتی كوردستان رایگەیاند، ئەگەر پێدانی چەك لە بەغداوە بە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" راست بێت دەستوەردانە لە كاروباری وڵاتێكی دیكە و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان.

عەلی حوسێن، لە لێدوانێكی تایبەت بۆ ماڵپەڕی كوردستان24، لە بارەی دەنگۆی پێدانی چەك لە لایەن بەغدا بە پەكەكە گوتی: " ئەگەر پێدانی چەك لە بەغداوە بە پارتی كرێكارانی كوردستان "پەكەكە" راست بێت دەستوەردانە لە كاروباری وڵاتێكی دیكە و نانەوەی ئاژاوەیە لە نێوان پارتە سیاسییەكانی كوردستان و مەترسیدارە، چونكە پێدانی چەك بە ھەر لایەنێكی سیاسی، دەبێت رەچاوی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی بكرێت كە لە ناوچەكە دژ بە داعش پێكھێنراوە.

گوتیشی: "لە كاتێكدا حكومەتی عێراق خۆی گرفتی ھەیە و نەیتوانیوە وەك پێویست چەك و ھاوكاری سوپاكەی، لە ھەمان كاتدا پێشمەرگە كە بەشێكە لە سیستەمی بەرگری عێراق تا ئێستا حكومەتی بەغدا نەیتوانیوە مووچەی بۆ دابین بكات و چەك و پێداویستی پێبدات، لەم كاتەشدا چەك بدات بە ھێزێكی كە لە دەرەوەی عێراقە، دەبێ شتێكی بە دواوە بێت.

عەلی حوسێن ئاماژەی بەوەدا: "لەم كاتەدا كە لە ناوچەكە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەیە بۆ شەڕكردن دژی داعش، گەر بە ئاگاداری ھاوپەیمانان چەك بدرێت بە ھەر ھێزێك بۆ شەركردن دژی داعش ئەوكاتە ئاساییە، ئەگەرنا بێ ئاگاداری ھاوپەیمانن چەك بدرێت بە ھەر لایەنێك زیان بە ئاسایشی ناوچەكە دەگەیەنێت.

بۆ بەدواداچوونی ھەواڵی پێدانی چەك لە لایەن بەغداوە بە پەكەكە كوردستان24، پەیوەندی بە گوتەبێژی پارتی كرێكارانی كوردستان كرد بەڵام بەردەست نەبوو.