عه‌بادى: نۆره‌ى موسڵه‌

هێزه‌ ئه‌منييه‌كان به‌ره‌و موسڵ ده‌ڕۆن به‌ مه‌به‌ستى رزگاركردنى ئه‌و شاره‌.

K24 – به‌غدا:

سه‌رۆك وه‌زيرانى عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى رايگه‌ياند، دواى سه‌ركه‌وتنى سوپا له‌ رومادى و كۆنترۆڵكردنه‌وه‌ى راسته‌وخۆ، هێزه‌ ئه‌منييه‌كان به‌ره‌و موسڵ ده‌ڕۆن به‌ مه‌به‌ستى رزگاركردنى ئه‌و شاره‌.

موسڵ دووه‌م گه‌وره‌شارى عێراقه‌ له‌ رووى ژماره‌ى دانيشتوانه‌وه‌ و به‌ گه‌وره‌ترين ناوه‌ندى جه‌ماوه‌رى داعش هه‌ژمار ده‌كرێت له‌ عێراق و سووريادا.

به‌ رزگاركردنى رومادى، هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق وره‌ى ئه‌وه‌يان ده‌بێت روو له‌ موسڵ بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى ئاژانسى رۆيته‌رز ئاماژه‌ى پێكردووه‌.

رومادى، كه‌ ئێستا ئۆپراسيۆنى سه‌ربازى تێدا به‌ڕێوه‌ده‌چێت، نزيكه‌ى 420 كيلۆمه‌تر له‌ موسڵه‌وه‌ دووره‌.

رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردوو، هێزه‌ ئه‌منييه‌كانى عێراق به‌ هاوكارى هاوپه‌يمانێتى نێوده‌وڵه‌تى دژى داعش، ئۆپراسيۆنى رزگاركردنى روماديان ده‌ستپێكردووه‌.

هێزه‌ ئه‌منييه‌كان گه‌يشتوونه‌ته‌ ناوه‌ندى شاره‌كه‌ و به‌ گوێره‌ى لێدوانى به‌رپرسانى سوپا، ته‌نيا ژماره‌يه‌ك چه‌كدارى داعش له‌ شاره‌كه‌دا ماوون.

رومادى له‌ ئايار/مايۆى رابردوودا، به‌ ته‌واوى له‌ لايه‌ن داعشه‌وه‌ كۆنترۆڵكرا.

له‌ به‌ياننامه‌يه‌كدا، كه‌ ئه‌مڕۆ هه‌ينى بڵاويكردووه‌ته‌وه‌، عه‌بادى رايگه‌ياندووه‌، پرۆسه‌ى رزگاركردنى موسڵ راسته‌وخۆ دواى سه‌ركه‌وتنى پرۆسه‌ى رزگاركردنى رومادى ده‌ستپێده‌كات.