عەبادی: چه‌كدارى ئێرانيى له‌ عێراقدا نيين

سەرۆك وەزیرانی عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى رەتیكرده‌وه‌، ئێران ھیچ ھێزێكی چەكداری لە عێراق جێگیر كردبێت.

K24 – به‌غدا:

سەرۆك وەزیرانی عێراق، حه‌يده‌ر عه‌بادى رەتیكرده‌وه‌، ئێران ھیچ ھێزێكی چەكداری لە عێراق جێگیر كردبێت، ھاوكات ناڕەزایەتی خۆی سەبارەت بە ھێزی سوپا توركیا لە عێراق دەربڕى. 
سەرۆك وەزیرانی عێراق لە چاوپێكه‌وتنێكدا لەگەڵ رۆژنامه‌ى شەرقولئەوست رایگەیاند، بەرپرسانی توركیا دەڵێن مەبەستمان لە ناردنی ھێزی سه‌ربازى بۆ عێراق، پێكھێنانی ھێزێكی چەكدارە لەبەرامبەر ھێزەچەكدارەكانی ئێران لەو وڵاتە.
گوتيشى: "سەرەڕای ئەوەی ئێران دراوسێیەكی كاریگەرە بۆ عێراق و سنوورێكی درێژی لەگەڵ عێراق ھەیە، ھیچ ھێزێكی چەكداری خۆی لە خاكی وڵاتەكەمان جێگیر نەكردووە".
عەبادی هه‌روه‌ها گوتیشی: "گرووپی تیرۆریستی داعش ھیچ سنوورێكی عێراق و توركیای داگیر نەكردووە، كە ئەمنییەتی توركیا بخاتە مەترسییەوە، ئەوە لە كاتێكدایە كە تيرۆریستە بیانیەكان لە خاكی توركیاوە دێنە عێراق".
سەرۆك وه‌زيرانى عێراق باسی لەوەشكردووە، داعش لە خاكی عێراقەوە نابێتە مەترسی بۆ سەر توركیا، ئەگەر توركیا داعش بە مەترسی بۆسەر خۆی دەزانێت، با ھێزەكانی لە سنووری سووریا جێگیر بكات.
 
عەبادی ئه‌وه‌شى خستووه‌ته‌ڕوو، "ھیچ ھێرێكی سەربازی بیانی لە عێراق بوونی نییە، ھاوپەیمانان تەنیا لە رێگەی ئاسمانییەوە یارمەتی ھێزە چەكدارەكانى عێراق دەده‌ن"، داواشيكرد، توركیا ھێزەكانی لە خاكی عێراق پاشه‌كشێ پێبكات.